بەرگریی سووریا: بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل هەشت سەربازمان بریندار بوون

03-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی سووریا رایدەگەیێنێت، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی دەوروبەری دیمەشق هەشت سەربازی سوپا بریندار بوون. 
 
رۆژی هەینی، 3ـی ئایاری 2024، وەزارەتی بەرگریی سووریا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەی شەوی رابردوو بڵاوکردەوە: "ئیسرائیلی دوژمن، لە ئاراستەی جۆلانی داگیرکراوەوە هێرشیان کردووەتە ناوچەیەکی نزیک دیمەشق".
 
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا ئاماژەیان بەوە کردووە، لە هێرشەکەدا ئیسرائیل باڵەخانەیەکی حکومەتی سووریای لە دەوروبەری دیمەشق کردووەتە ئامانج کە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانییەوە بەکارهێندراوە. 
 
لەوەتەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011ـەوە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل سەدان هێرشی لەنێو سووریادا کردووە، کە تێیدا چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج. 
 
لە 19ـی نیسانی ئەم ساڵ سوپای ئیسرائیل لە باشووری سووریا پێگەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای کردە ئامانج و سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریاش رایانگەیاند، ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا پێگەیەکی گرووپەکانی نزیک لە ئێرانی کردووەتە ئامانج. 
 
رۆژی 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و حەوت کەس لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازیی ئێران کوژران، لەوانە محەممەدڕەزا زاهیدی، فەرماندەی لقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان.
 
شەوی شەممە، 13-04-2024، تاوەکو بەرەبەیان، ئێران لە رێگەی نزیکەی 300 درۆن و مووشەکی کروزەوە وەکو وەڵامێک بۆ هێرشی سەر کۆنسوڵخانەکەی، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و 99%ـی مووشەک و درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە