شاری رەفەحی غەززە لە لێواری قەیرانی ئاوی پاکی خواردنەوە و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشییە

03-05-2024
لهۆن نەسرەدین
شەقامێکی رەفەحی غەززە
شەقامێکی رەفەحی غەززە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاوی ئاوەڕۆکان تێکەڵ بە زۆربەی کۆڵانە وێرانەکانی رەفەحی باشووری غەززە بووە؛ پاشەڕۆ، دایبی، ئاژەڵی مرداربوو، مێش و مەگەز تێکەڵ بە یەکدی بوون. زۆربەی دانیشتووانی رەفەح لەژێر هەڕەشەی تووشبوون بە کۆلێرا، مەلاریا، هەوکردنی جگەر و سەتان نەخۆشیی دیکەی پێست و هەناودان.
 
حەمدی سوڵتان، ئاوارەی غەززە دەڵێت، "ئەمە ئافاتێكی زۆر گەورەیە، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئێمە جێهێشتووە، بە رۆژ مێش و بە شەو مێشوولە هەیە، بۆنی ناخۆش ژیانی ئێمەی وێران کردووە و چەندین نەخۆشی بڵاودەکاتەوە."
 
گەمارۆی 15 ساڵەی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و  بۆردوومان و تۆپبارانی نزیکەی حەوت مانگی سوپاکەی بۆ سەر کەرتەکە؛ سەرووی 72%ی ماڵ و باڵەخانە و ژێرخان و سیستمی ئاوەڕۆی غەززەی خاپوور کردووە، یان بە شێوەیەکی بەرچاو زیانیانی پێگەیاندوون.
 
وائیل دلێمی، شارەزای تەندروستی دەڵێت، "پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ یان رێکخستنی ئاوی قورس، کێشەیەکی بەردەوامە لە غەززە؛ بەر لە شەڕەکەش ئەو کێشەیە هەبوو، بەڵام بۆردوومانەکان کێشەکەی قورستر و ئاڵۆزتر کرد."
 
بە کەمترین خزمەتگوزاری و زۆرترین نەخۆشی؛ رەفەح بووەتە یەکێک لە قەرەباڵخترین ناوچەکانی جیهان کە پێش شەڕەکە، 152 هەزار دانیشتووی تێدابوو؛ ئێستا پێشوازی لە 1.5 ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی نێوەڕاست و باکووری غەززە کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە