رووداو دیجیتاڵ
حوسییەکانی یەمەن دەڵێن لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە 606 هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووە و 107 کەشتییان کردوونەتە ئامانج، 111 مووشەکیشان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیاشەوە 40 کەس لەو وڵاتە کوژران.
عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکان، لە گوتارێکدا رایگەیاند، خۆیان بۆ گەڕی چوارەمی بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان ئامادە دەکەن ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکانیان و "کەلـلەرەقی"یان بەردەوامبن.
سەرۆکی حووسییەکان دەڵێت، تەنیا لەم هەفتەیەدا بە 33 مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ژمارەیەک ناوچە و شەش کەشتیی ئەمریکی و بەریتانییان لە دەریای سوور کردووەتە ئامانج.
عەبدولمەلیک حووسی ئاماژەی بەوەداوە لەدوای "تۆفانی ئەقسا"ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، 156 هێرشیان لە دەریای سوور و ئیسرائیل کردووە. لەوانە 111 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر حووسییەکان، ئاشکرایکرد 452 هێرشی ئاسمانی و دەریاییان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان و بەهۆیەوە 40 کەس کوژراون و 35ـی دیکەش بریندار بوون.
"کۆتایی هاتنی ئیسرائیل"، ئەو دەستەواژەیە کە سەرکردەکەی حووسییەکان بەکاریهێناوە، وەکو رێگەیەک بۆ گەڕانەوەی مافی فەلەستینییەکان و دەڵێت بەردەوام دەبن لە دژایەتیکردنی ئیسرائیل.
هەروەها داوایکردووە ئەمڕۆ هەینی، خۆپێشاندانی ملیۆنی لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل بکرێت وەکو خۆ ئامادەکردنێک بۆ گێمی چوارەمی هێرشەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ