ئیسرائیل گیانلەدەستدانی بارمتەیەکی دیکەی لە غەززە راگەیاند

03-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە بارمتە گیرابوو، لە غەززە گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی هەینی، 3ـی ئایاری 2024، حکومەتی ئیسرائیل لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکی وڵاتەکەی کە لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابوو، راگەیاند. 
 
لەبارەی ناسنامەی هاووڵاتییەکە، حکومەتی ئیسرائیل گوتی، هاووڵاتییەکەی ناوی (دروور ئۆر)ـە و تەمەنی 49 ساڵە و لەکاتی هێرشەکەی حەماس بۆ ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو بە بارمتە گیراوە و براوەتە غەززە. 
 
گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە ئیسرائیلییە لەکاتێکدایە ئیسرائیل بە نێوەنگیری قەتەر، میسر و ئەمریکا پێشنیازێکی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست داوەتە حەماس و چاوەڕێی وەڵامی حەماس دەکات. 
 
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
 
ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان
 
لە 24-11-2023 حەماس و ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و بەندکراوان رێککەوتن
 
لە کاروانی یەکەمدا بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتەی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
 
چەکدارانی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندیان ئازاد کرد؛ لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە ئازاد کران. 
 
لە کاروانی سێیەمدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کردووە کە 14یان ئیسرائیلی، دووانیان تایلاندی و ئەوی دیکەیان رووسییە". ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی ئازادکرد.
 
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، قەتەر نێوەندگیریی کرد و دوو رۆژی ئاگربەستەکە دیکە درێژکرایەوە.
 
لە کاروانی چوارەمدا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتیی ئیسرائیلیان راگەیاند؛ بەمجۆرە کۆی گشتی ئازادکراوەکان گەیشتە 69 بارمتە و 150 بەندکراو.
 
چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی ئاگربەستەکە، رۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە و چەند بارمتە و بەندکراوێکی دیکە ئازادکران. بەمجۆرە لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی ئیسرائیل بڵاویانکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا 139 بارمتە لە غەززە ماون، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، 35ـیان گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە