نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە 30 بۆ 40 ملیار دۆلارە


رووداو دیجیتاڵ 
  
سوپای ئیسرائیلە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززەوە بەرەو باشوور پێشڕەوی دەکات و رۆژانە زیانی هێرش و بۆردوومانەکان زیاتر دەبێت. لەنێو شەڕ و زیانەکان کەسانێک بیر لە بنیاتنانەوەی غەززە دەکەنەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: ئاوەدانکردنەوەی کەرتەکە چەند دەیەیەک دەخایێنێت. 
 
عەبدوڵـڵا دەرداری، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "پڕۆگرامی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لێکدانەوەی سەرەتایی بۆ تێچووی ئاوەدانکردنەوەی غەززە کردووە کە زیاتر لە 30 بۆ 40 ملیار دۆلاری پێویستە."
 
ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان "نیگەران" دەکات، وەکو ئەو یاریدەدەرە باسی دەکات، "دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، تەنانەت بە شێوەی کاتییش بۆ سەدان هەزار فەڵەستینی و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری سەرەتایی وەکو تەندروستی، پەروەردە، ئاوی خواردنەوە و کارەبایە بۆیان."
 
بە گوێرەی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگی ئیسرائیل 30٪ی بەرهەمی نێوخۆیی غەززەی کەمکردووە. هەروەها، 72٪ـی باڵەخانەکانیش خاپوور بوون یان زیانیان بەرکەوتووە. بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، بەشێک نابن لە گۆڕینی دیموگرافیای کەرتی غەززە. 
 
عەبدوڵـڵا دەرداری ئاماژە بەوەش دەکات، "نەتەوە یەکگرتووەکان کار یان بەشداری لە ئاوارەکردنی فەڵەستینییەکان لە خاکەکەیان ناکات. هەر کۆمەڵگەیەک کە دروست بکرێت، تەنانەت ئەگەر کاتیش بێت، دەبێتە ماڵی دانیشتووانە رەسەنەکەی. کەسێکی خەڵکی باکووری کەرتی غەززە لە باکووری کەرتی غەززە نیشتەجێ دەکرێتەوە. ئەوانەی دیکەش بە هەمان شێوە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، ئیسرائیل تانک و سەربازی زیاتری بردووەتە سەر سنووری رەفەح. بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رەفەح دەکەن. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "بۆ ئەوەی داهاتوومان بپارێزین هەر چییەک پێویست بێت بۆ سەرکەوتن بە سەر دوژمنانماندا دەیکەین، تەنانەت لە رەفەحیش."
 
209 رۆژە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە و تائێستا هیچ کام لە حەماس و ئیسرائیل ئامادەنین سازش بۆ داواکاریی یەکدی بکەن بۆ ئاگربەست.