گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: کۆشکی سپی سزای بەسەر چەند ئیسرائیلییەک سەپاندووە

رووداو دیجیتاڵ

لە کەرتی رۆژئاوا، 530 فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 28 گەڕەکیش بە زۆر چۆڵکراون. ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند بەهۆی زۆریی توندوتیژییەکان حکومەتی وڵاتەکەی سزای بەسەر چەند ئیسرائیلییەکدا سەپاندووە.
 
یەکێک لەو 530 کەسەی لە کەرتی رۆژئاوا کوژراوە، محەممەد باسیلە کە گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ بوو. تەرمی محەممەد لەلایەن ژمارەیەکی زۆر فەلەستینییەوە بەرەو گۆڕستان لە شاری جەنینی باکووری کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بەڕێکرا.
 
محەممەد لە هێرشێكی چەکداریی جووەکانی ئۆردووگاجوونشینەکان، کوژرا. 
 
باسل، باوکی محەممەد بەمشێوەیە باسی کوڕەکەی دەکات "لە منداڵییەوە ئەو خەونەی هەبوو لە وڵاتی خۆیدا ئازادانە بژی، بەڵام دەسەڵاتی داگیرکاری نیشتمانەکەی داگیرکرد و، ژیانی محەممەدیشی سەندەوە؛ جووەکانی دانیشتووی ئوردوگا جوونشینەکان بەردەوامن لە تاوان دژی گەلەکەمان."
 
بە کوژرانی محەممەد، ژمارەی کوژراوە فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا لە دوای شەڕی غەززە؛ بۆ سەرووی 530 کەس بەرزبووەوە، برینداران نزیکەی 10 هەزارن و دەستگیرکراوانیش زیاتر لە چوار هەزار و 800 کەسن. 
 
تووندوتیژیی جووەکان دژی فەلەستینییەکان و هەندێ لە چالاکڤانە ئاشتیخوازە ئیسرائیلییەکان لە کەرتی رۆژئاوا، ئیدارەی بایدنی تووشی شەرمەزاری کردووە، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە، بۆیە سزای بەسەر چەند کەسایەتییەکی جوو سەپاند.
 
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "تووندوتیژی لە کەرتی رۆژئاوا لە ساڵی 2023ـدا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار. ئیسرائیلییە پەڕگیرەکان، فەلەستینییەکان و موڵک و سامانیان دەکەنە ئامانج. ئەمریکا سزای بەسەر چەند ئیسرائیلییەکی پەڕگیردا سەپاندووە و پێشیوایە؛ دەبێت حکومەتی ئیسرائیل کاری زیاتر بۆ کەمکردنەوەی ئەو تووندوتیژییانە بکات." 
 
لە چوار مانگی رابردوودا، زیاتر لە 28 گەڕەکی فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا بە زۆر چۆڵکراون؛ کارێكە پاڵی بە نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناوە سوپاسی هێزە ئەمنییەکان بکات؛ هەروەها جەختی لە گرنگیی رۆڵیان لە پاراستنی دەوڵەتی نەتەوەیی ئیسرائیل کردەوە و گوتی "لە دەستپێکی شەڕەکەوە؛ سەرووی 500 تیرۆریستمان لە کەرتی رۆژئاوا کوشتووە."