زانیاری لەبارەی گرووپی فاتمیوون کە لەلایەن ئەمریکاوە کرایە ئامانج

 
لەدوای گەیشتنەوەی تەرمی سێ سەربازەکەی ئەمریکا، واشنتن هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە سووریا دەستپێکرد و یەکەم هێرشی بە لێدانی گرووپی فاتمیوون لە دێرەزوور دەستپێکرد. 
 
هێرشەکە لەوێ نەوەستا و وەکو ئەمریکا خۆی رایگەیاندووە، 85 پێگەی بە 125 مووشەک لە عێراق و سووریا کردوونەتە ئامانج. پێگەکان سەر بە "سێ دامەزراوە لە عێراق و چوار دامەزراوە لە سووریا" بوون.
 
لە دامەزراوەکانی عێراق، گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی کراونەتە ئامانج، حەشدی شەعبی دەڵێت: 10 کەسیان کوژراون و برینداربوون. 
پەیامنێری رووداو لە بەغداش ئاماژەی بەوەکرد، لە هێرشەکاندا 16 کەس برینداربوون کە خەڵکی سڤیلیشیان لەنێودایە. کۆگەیەکی چەک و سێ ماڵی ئەندامانی حیزبوڵڵای عێراقی کراونەتە ئامانج. 
 
گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەڵێن، زیان بەر 10 ماڵ کەوتووە. دوو بەرپرسی سەربازیی عێراقیش دەڵێن، ئەو سێ خانووەی کراونەتە ئامانج، وەک بارەگای سەرەکی و کۆگەی چەک بەکارهاتوون. 
 
گرووپی فاتمیوون کێن؟
 
گرووپێکی میلیشیایی سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانە کە لە شیعەکانی ئەفغانستان پێکهاتوون و لەلایەن ئێرانەوە بۆ بەرگری لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رەوانەی سووریا کراون.
 
ئەو گرووپە لە 12-05-2013 لەلایەن فەیلەقی قودسەوە لە ناوچەی زەینەبییەی سووریا جێگیرکران. دامەزرێنەری ئەوگرووپە عەلیرەزا تەوەسولییە کە ناسراوە بە ئەبوو حامید، لە 28-02-2015 لە ناوچەی تەل قەرین نزیک سنووری فەلەستین، لەگەڵ رەزا بەخشی، کە جێگری بوو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل کرانە ئامانج و کوژران.
 
کۆتاییەکانی ساڵی 2012، عەلیرەزا تەوەسولی، کە هاووڵاتییەکی شیعەی ئەفغانە لەگەڵ هێزێکی 300 کەسی کە لە پەناخوازانی ئەفغان لە ئێران پێکهاتبوو، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە رەوانەی سووریا کرا، سەرەتا چەکدارانی فاتمیوون لەگەڵ هێزە عێراقییەکانی سەر بە سوپای پاسداران تێکەڵکرابوون، بەڵام ساڵی 2013 ژمارەی هێزەکانیان زیادیکرد و گرووپی فاتمیوونیان وەک هێزێکی سەربەخۆ بۆ دامەزراندن. ساڵی 2015 لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ پاراستنی مەزارگەی زەینەب (نەوەی پێغەمبەری ئیسلام د.خ) و پشتیوانیکردنی هێزەکانی بەشار ئەسەد، لە ناوچەی زەینەبییە جێگیرکران.
 
 
ناڕەزایی ئەفغانستان بەرامبەر ئێران
 
چەکدارانی گرووپی فاتمیوون لەو ئەفغانە پەناخوازە شیعانە پێکهاتوون کە بەهۆی شەڕی نێوخۆی ئەفغانستانەوە چوونەتە ئێران. سەرەتا ژمارەی چەکدارەکانی لە 300 کەس تێنەدەپەڕی، بەڵام بە ماوەیەکی کەم ژمارەی چەکدارەکانی رووی لە هەڵکشان کرد و لە ناوچەکانی درعا، دیمەشق، تەدمیر و حەلەب جێگیرکران.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە ساڵی 2017 رایگەیاند؛ "تاران هەژاری و بێدەرەتانی پەنابەرە ئەفغانەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە تائیفی و پاوانخوازییەکانی خۆی قۆستووەتەوە، ئێمە چەندینجار داوامان لە ئێران کردووە وەکو پەنابەر هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەفغانەکان بکات، نەک وەکو ئامرازێکی شەڕکردن، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو".
 
فاتمیوون لە شەڕی ئیدلب رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەشار ئەسەد، هاوکات لە ناوچەکانی لازقیە، خانسوور، حەما، دێرەزوور، خان تومان، مەیادین و ئەلبوکەمال شەڕیان کردووە و بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە نێوان ساڵەکانی 2016 بۆ 2017 ئێران ژمارەی ئەو هێزەی لە سووریا گەیاندە 10 هەزار کەس.
 
فاتمیوون لە لیستی تیرۆری ئەمریکا
 
رۆژی پێنجشەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2019 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند؛ "میلیشیاکانی گرووپی فاتمیوون لەلایەن ئێرانەوە بۆ پاراستنی رژێمی ئەسەد رەوانەی سووریا کراون، بۆیە خستماننە نێو لیستی تیرۆرەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتبوو؛ "رژێمی ئێران پەنابەرە ئەفغانەکان وەکو قەڵغانێکی مرۆیی لە شەڕی سووریا بەکاردەهێنێت". هاوکات رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی جیهانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردبوویەوە؛ "ئێران منداڵانی 14 ساڵی ئەفغان رەوانەی سووریا دەکات بۆ ئەوەی لەپاڵ هێزەکانی بەشار ئەسەد شەڕ بکەن و ئەو کارەش لە روانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەکو تاوانی شەڕ هەژمار دەکرێت."