رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پارچەی مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانی یەمەن کۆدەکەنەوە. وێنە: Ahmad Gharabli, AFP
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو، هەروەها گەیشتبووە نێو سنووری خاکی ئیسرائیل.
رۆژی هەینی 3ی کانوونی دووەمی 2025 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستە کرابوو و هاتبووە نێو خاکی ئیسرائیل، خرایە خوارەوە."
هەروەها دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، چەند کەسێک لە نێوەڕاستی ئیسرائیل دوای بیستنی دەنگی مووشەکەکە، لەکاتی راکردنیان بەرەو پەناگەکان بریندار بوون و گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
ئەوە دووەمین مووشەکە کە ئیسرائیل دەڵێت لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا خستوویەتیە خوارەوە.
هێرشە مووشەکییەکانی حووسییەکان دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 26ـی ئەم مانگە، ئیسرائیل بە فڕۆکە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و چەند پێگەیەکی یەمەنی کردە ئامانج.
دوای ئەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 هەڵگیرسا، حووسییەکانی یەمەن هاوپەیمانیی خۆیان بۆ حەماس دەربڕی و دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نزیک لە ئیسرائیل لە دەریای سوور و بەئامانجگرتنی ئیسرائیل کرد.
بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، لەو کاتەوە "حووسییەکان بە بەکارهێنانی درۆن و مووشەک، زیاتر لە 220 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و زۆربەی هێرشەکان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچدراونەتەوە. هەروەها، بزووتنەوە یەمەنییەکە زیاتر لە 300 هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور."
لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردووشەوە، ئەمریکا و بەریتانیا، بە جیا و بە هاوبەشی، چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر پێگەی حووسییەکان لە یەمەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ