رێکخراوێکی نێودەوڵەتی: 96%‌ی منداڵانی غەززە لە مردنی کەسوکاریان دەترسن

 
رووداو - غەززە
 
دۆخی منداڵانی غەززەش وەکو دۆخی گەورەکانە، منداڵانی کەرتی غەززە رووبەڕووی کوشتن و برینداربوون دەبنەوە، هێشتا ئازارەکانی شەڕ و لێکەوتە خراپەکانی دەچێژن.
 
ئیهاب ئاوارەی غەززەیە، چەند مانگێک لەمەوبەر لەکاتی یاریکردنی تۆپی پێ لە شارۆچکەی نوسەیرات بریندار بووە و بۆ رووداوی گێڕایەوە کە چۆن بەدەست ترس و تۆقینەوە دەناڵێنێت، بەهۆی بۆردوومان و بێبەشکردنی لە سەفەرکردن بۆ چارەسەر.
 
ئیهاب ئەبوو زێد، برینداری غەززە دەڵێت، "پێشتر لە فڕۆکە و بۆردوومان نەدەترسام، بەڵام دوای برینداربوونم، هەرکات دەنگی بۆردوومان دەبیستم زۆر دەترسم و ئازاری پێوە دەچێژم، بۆردوومانەکە بووەتە هۆی دروستبوونی حاڵەتی ترس و تۆقینی بێوێنە لای من."
 
سەعید ئەبوو زێد، باوکی ئیهاب نیگەرانی و بێدەسەڵاتیی خۆی بەرامبەر چارەنووسی کوڕە بریندارەکەی ناشارێتەوە و دەڵێت، "کوڕەکەم بریندارە و ناتوانم لە غەززە دەریبهێنم بۆ چارەسەر لە دەرەوەی کەرتەکە، بەهۆی گەمارۆ تووندەکانەوە. چاودێریی حاڵەتەکەی دەکەم کە رۆژ بە رۆژ ئازارەکەی زیاتر دەبێت بەهۆی نەتوانین لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ سەفەرکردنی بۆ چارەسەری برینەکەی. زۆر ئازار دەچێژین لە بەدەستهێنانی ئاو و خواردن لەژێر ئەم بارودۆخە سەختەی ئێستا."
 
بەپێی رێکخراوی فریاکەوتنی منداڵانی نێودەوڵەتی، 96%‌ی منداڵانی کەرتی غەززە لە مردنی کەسوکاریان دەترسن، ئەمەش ئازاری دایکان و باوکان زیاتر دەکات سەبارەت بە واقیع و چارەنووسی منداڵەکانیان.
 
نافیز مەدەنی، ئاوارە لە جەبالیای باکووری غەززە دەڵێت، "سوێند بە خودا، ئیدی ناتوانین بژین، بۆیە داوا لە هەموو وڵاتان و هەموو وڵاتە عەرەبییەکان دەکەم شەڕەکە رابگرن، کە زۆر ماندووی کردووین. من ئاوارەم و بریندارم، کوڕەکەم لە شەڕەکەدا شەهید بووە و ماڵەکەم لە بۆردوومانی ئیسرائیلدا وێران بووە. کچێکی نابیناشم هەیە و ناتوانم خواردنی بدەمێ، زۆر ئازار دەچێژم، بۆیە دووبارە داوا لە هەموو خاوەن ویژدانە زیندووەکان دەکەم لەگەڵمان راوەستن، بەسە."
 
منداڵان زیاتر لە 40%‌ی قوربانیانی شەڕی بەردەوام پێکدەهێنن و زیاتر لە 90%یان لە قەیرانی دەروونیی جۆراوجۆردا دەناڵێنن.
 
منداڵان لە کەرتی غەززە زۆر ئازاریان چەشتووە بەهۆی شەڕی بەردەوام، هەزارانیان شەهید و بریندار بوون و بە شێوەیەکی گەورە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەناڵێنن، زۆربەیان لە هەموو کاتێکدا لە مردن دەترسن.