رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: 22٪ـی خەڵکی غەززە لە ئاستێکی کارەساتباری ئاسایشی خۆراکدان
رووداو دیجیتاڵ
لە نێوەندێکی دابەشکردنی خۆراک لە شاری خان یونسی کەرتی غەززە، گەورە و بچووک، لەبەر باران بە مەنجەڵێکەوە نۆرە بۆ وەرگرتنی خۆراک دەگرن. بەگوێرەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان 22٪ـی دانیشتووانی کەرتی غەززە لە ئاستێکی کارەساتباری ئاسایشی خۆراکدان.
لە غەززە دەیان رێکخراوی دابەشکردنی خۆراک هەن، بەڵام هێشتا فریای تێرکردنی برسییەکان ناکەون.
عومەر براهما، کارمەندی رێکخراوەکانی دابەشکردنی خۆراکە و باس لە ئاستی برسێتیی خەڵکی غەززە دەکات و دەڵێت، "ئێمە رۆژانە خۆراک بۆ ئاوارەکانی کەمپی مەواسی لە خان یونس ئامادە دەکەین. هەر رۆژێک 20 کۆنتێنەر خۆراک ئامادە دەکەین، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخەوە، ئەو 20 کۆنتێنەرە بەئەستەم بەش دەکات."
لە شاری بێت لاهییەش کەمپێکی ئاوارەکان هەیە، سەرەڕای برسێتی، لافاویش رووی لە کەمپەکە کردووە.
منداڵانی کەرتەکە لەژێر باران ریزیان بۆ وەرگرتنی بڕێک ئاوی خواردنەوە بەستووە. پلەی گەرما لە کەرتەکە نزمبووەتەوە و لە 10 رۆژی رابردووشدا 7 منداڵ لە سەرما رەقبوونەتەوە.
ئەحمەد مەسڕی، هاووڵاتی فەلەستینی لەبارەی دۆخی کەمپەکە باس لەوە دەکات، "من ئێرە هەڵدەکەنم بۆ ئەوەی ئاوی لافاوەکەی تێدا کۆببێتەوە. ئاو هاتووەتە نێو خێوەتەکانمان و لافاو لە ژن و منداڵەکانمانی داوە. سەیر بکە، دۆشەک و پێداویستییەکانی دیکەمان هەموویان لەنێوچوون. ئێمە ئاوارەین و هیچ شتێکمان لەگەڵ خۆمان نەهێناوە."
زیاتر لە 14 مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی غەززە، 1.9 ملیۆن ئاوارە و دەربەدەر بوون.