رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە کە مانگی ئەیلوولی رابردوو، دەیان سەربازی بە هێلیکۆپتەر چوونەتە نێو سووریا و کارگەیەکی دروستکردنی مووشەکیان لە ژێر زەویدا لەنێوبردووە کە لە لایەن ئێرانەوە پارەدار دەکرا.
سوپای سووریا کە بە دەگمەن قسە لەسەر چالاکییەکانی لەنێو سووریادا دەکات، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، 8ی ئەلوولی 2024، زیاتر لە 100 سەربازی هێزی کۆماندۆی ئیسرائیل لە هێرشەکەدا بەشدار بوون و کارگەکەیان لە ناوچەی مەسیاف خاپوور کردووە.
ئەوکات روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندبوو کە 27 کەس لە هێرشەکدا کوژراون. سوپای ئیسرائیل هیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە.
لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا.
لە راگەیێندراوەکەی رۆژی پێنجشەممەیدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، کارگەکەی مەسیاف "شوێنی پێشکەوتووی دروستکردنی مووشەکی ئامانج ورد و رۆکێتی دوورمەودا"ی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان و "هێزە تیرۆریستییە بەوەکالەتەکانی دیکەی ئێرانی لە ناوچەکە" تێدابوو.
سوپای ئیسرائیل روونیدەکاتەوە، سەربازەکانی بە هێلیکۆپتەر بردرابوونە نێو سووریا و فڕۆکەی هێرشبردن و هەواڵگریش لە ئاسمانەوە پشتیوانییان دەکرد.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە پێشانی دەدات کە ئیسرائیل دەتوانێت لە هەموو شوێنێک ئۆپەراسیۆن بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ