رووداو دیجیتاڵ
تادێت دۆخی ئەمنیی دەریای سوور ئاڵۆزتر دەبێت و هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان زیاتر دەبن. ئەمریکا و بەریتانیا، ئێران بە پاڵپشتیکاری سەرەکیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریا سوور دادەنێن، ئەمەش ئەگەری پێکدادانی لەنێوان هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و ئێران زیاد کردووە.
کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، "حووسییەکان رێکخراوێکی چەکدارن و ئێمە ئەم پرسەش بە جیدی وەردەگرین. سەرۆکیش رایگەیاندووە، ئێمە ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین ئەگەر پێویست بکات، بەڵام ناچینە وردەکاریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانمان، بەڵام وەکو رامگەیاند، سەرۆک پابەند دەبێت بە پاراستنی هێزەکانمان لە دەرەوەی وڵات."
سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، لە 19ی تشرینی یەکەمی 2023وە، 24 جار هێرش کراوەتە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکانی نێو دەریای سوور و تائێستاش 17 درۆنی حووسییەکانیان لەسەر ئەو دەریایە تێکشکاندووە.
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "چالاکییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لەنێو دەریای سوور، هاوتەریبە لەگەڵ رۆڵی ئەو دوو وڵاتە لە دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە دەریای سوور. ئەو جۆرە جووڵانە هیچ سوودی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە نابێت."
هێرشە بەردەوامەکانی ئەو گرووپە چەکدارەی نزیک لە ئێران، ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانیی ناچار کردووە رێڕەوەکانیان لە دەریا سوور بگۆڕن و رێڕەوی درێژتر بەکاربهێنن، تاوەکو خۆیان لەو هێرشانە بپارێزن و چوار لە گەورەترین کۆمپانیای بازرگانیی دەریاییش بەهۆی ئەو هێرشانەوە، کارەکانیان راگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ