رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی هاککرا و ئەنگوستیلەی قاسم سولەیمانی لەسەر دانرا

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی هاککرا و لە رووپەلی سەرەکیدا لە جیاتی وێنەی وێبسایتی رۆژنامەکە وێنەیەک دانراوە و هەڕەشە لە شوێنێکی نافەرمی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئیسرائیلی دەکات. 
 
رۆژی دووشەممە 3-1-2022 لە ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا، وێبسایتی رۆژنامەی 'جوروسەلیم پۆست'ی ئیسڕائیلی هاککرا و لەسەری نووسرا "ئێمە لەو شوێنەوە لە ئێوەوە نزیکین کە بیرتان بۆی ناچێت".  بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارییێتی خۆی لەو رووداوە رانەگەیاندووە.
 
هاوکات، ماڵپەڕی رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلیش هاککرا.
 وێنەیەک لەسەر رووپەلی رۆژنامەکە دانراوە، مووشەکێک نیشاندەدات کە لە ئەنگوستیلەی مشتی کەسێکەوە هاوێژراوە. وێنەی ئەنگوستیلەکە هەمان ئەنگوستلەیە کە قاسم سولەیمانی لە پەنجەی دەکرد.
 
قاسم سولەیمانی پێش دوو ساڵ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە عێراق کوژرا. 
 
وێنەکە تەقاندنەوەی شوێنێکیش پیشاندەدات و بەو شێوەیە دیزاینکراوە بۆ ئەوەی لە ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمیی شیمۆن پێرێس نێگێڤ بچێت کە دەکەوێتە شاری دیمۆنای ئیسرائیل.
 
لەو شوێنەدا، بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، تاقیگەی چەندین دەیەی تێدا جێگیرکراون و یارمەتی گەیشتن بەو پلوتۆنیۆمە دەدەن کە دەگاتە ئاستی بەکارهێنان لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بۆ ئەوەی لە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئیسرائیلدا بەکاربهێندرێت. 
 
لە تویتێکدا، رۆژنامەی جوروسەلیم پۆست هاککردنی وێبسایتەکەی پشتڕاستکردەوە و دوای ماوەیەکیش وێبسایتەکەی گەڕاندەوە.