بریندارێکی تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت دوای پێنج مانگ لە بێهۆشی، بەئاگا هاتەوە

03-01-2021
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لوبنان بەندەری بەیروت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیلیان شعیتۆ، یەکێک لە بریندارەکانی تەقینەوە گەورەکەی بەندەری بەیرووت لە مانگی ئابی رابردوودا، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە بێهۆشی، بەئاگاهاتەوە. رووداوێک دڵخۆشییەکی بەرچاوی لای لوبنانییەکان دروستکرد، بەڵام زۆری نەبرد چیرۆکەکەی ئەو، رەهەندێکی دیکەی وەرگرت، کاتێک لە بینینی منداڵەکەی بێبەشکرا.
 
چیرۆکەکە بەدڵخۆشییەوە پێشوازی لێکرا، بەڵام خێزانی هاوژینەکەی، رازینەبوو لیلیان منداڵەکەی ببینێت، کە بەبڕوای پزیشکەکان هاندەرێکی دیکە دەبوو بۆ تەواو چاکبوونەوەی ئەو لە بێهۆشییە پێنج مانگییەکەی، هەربۆیە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو بێبەشکردنە، سۆزدارییەکی زۆری بۆ لیلیان راکێشا.
 
لیلیان پێنجەم منداڵی  خێزانەکەی بووە، ئەو لەگەڵ هاوژینەکەیدا لە ئەبیدجان، پایتەختی کۆتدیڤوار دەژیا، بۆ لەدایکبوونی یەکەم منداڵی، گەڕابووەوە لوبنان، پاش لەدایکبوونی منداڵەکەی، لە کاتێکدا لە نێو بازاڕێکی لوبنان لە نزیک بەندەرەکە سەرقاڵی کڕینی دیارییەک بوو بۆ هاوژینەکەی، تەقینەوەکە روویدا و بە سەختی برینداریکرد.
 
دوای ئەوەی کەسانی نەناس ئەویان بە برینداری گواستەوە نەخۆشخانە لە رۆژی تەقینەوەکەدا، باوکی ئازایەتی بینینی کچەکەی خۆی نەبوو، بەڵام دوا دیداریان ئومێدی زیندووکردەوە، لە کاتێکدا پێشتر پزیشکەکان لە بەئاگاهاتنەوەی ئەو بێئومێد بووبوون.
 
میدیاکانی لوبنان ئەویان ناونا، "پەرجووی ساڵی نوێ"، چونکە ئەو یەکەم کەسبوو لە رۆژەکانی سەرەتای ساڵی نوێدا و پاش پێنج مانگ لەبێهۆشی، بەئاگابێتەوە.
 
لوبنانییەکان بەدیوێکی دیکەی چیرۆکەکەدا کەوتن، کاتێک زانییان ئەو دایکە تەمەن 26 ساڵییە، لە بینینی منداڵەکەی بێبەشکراوە، دوای ئەوەی دەرکەوت هاوژینەکەی منداڵەکەی بردووەتە شاری ئەبیدجان لە کۆتدیڤوار.
 
میدیاکانی لوبنان، لەبارەی دایکە بێبەشکراوەکەوە، ئاشکرایانکردووە ئەو لە شارۆچکەی 'تەیری' لە پارێزگای 'نەبەتییە' لە باشووری لوبنان ژیاوە، لە تەقینەوەکەدا زیانی زۆر بەر سەری کەوتووە، لەگەڵ تووشبوون بەخوێنبەربوونی ناوەوە، لە کاتی تەقینەوەکەدا کەوتووەتە سەر زەوی و پارچە شووشەیەکی گەورە بەرسەری کەوتووە.
 
نەسمە شعیتۆ، خوشکی لیلیان ئاشکرایکردووە خوشکەکەی بەئاگاهاتووەتەوە، بەڵام بەتەواوی چاکنەبووەتەوە، ماوەیەک لەمەوبەر چاوی کردووەتەوە، بەڵام وەڵامی بۆ چواردەورەکەی نییە.
 
بەبڕوای پزیشکەکان لیلیان 80٪ی هۆشی بەدەستهێناوەتەوە، دەکرێ نزیککردنەوەی منداڵەکەی یارمەتیدەری بێت لە بەدەستهێنانەوەی تەواوی ئاگاییەکەی، بەڵام منداڵەکەی براوەتە کۆتدیڤوار.
 

لیلیان و منداڵەکەی

میدیای لوبنانی ئاشکرایانکردووە، دادگایەکی کاروباری شارستانی، بەناوی دادگای جەعفەری، کە بۆ شیعە مەزهەبەکانی هاوشێوەی لیلیان و هاوژینەکەیەتی، بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتی لە منداڵەکەی لیلیان دەرکردبوو، ئەوەشی چەسپاندبوو کە پێویستە رۆژانە 4 کاژێر منداڵەکە بدرێتە نەنکی (دایکی دایکی)، نۆ ئەوەی بخرێتە ئامێزی دایکییەوە لەپێناو باشترکردنی دۆخی تەندروستی ئەودا.
 
چالاکڤانانی سۆشیالمیدیای لوبنان ئاشکرایانکردووە، خێزانی هاوژینەکەی لیلیان تائێستا رازینین منداڵەکە ببەنە بەردەستی دایکی، پێیانوایە کاریگەری لەسەر منداڵەکە دەبێت، ئەگەر دایکی لەسەر پێخەفی نەخۆشخانە ببینێت. چالاکڤانەکان داوایان لە حکومەتی لوبنان کردووە، هەڵویستێکی یەکلاکەرەوە لە دۆسێیەکەدا بنوێنێت و کەناڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو دایکە بێبەشکراوە، بخاتەگەڕ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە