هەڵوێستی هاوبەشی ئێران و تورکیا لەسەر دۆخی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریا، فەلەستین و لوبنان، لەگەڵ حکومەتی تورکیا هاوڕان، گوتیشی، ''گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکان لە سووریا، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەیە.''
ئەمڕۆ دووشەممە 02-12-2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەیوەندییە هاوبەشەکانیان و کێشە ناوچەییەکان سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەلایەن هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی پێشوازی لێکرا.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی گوتی: ئەو شەڕەی لە سووریا دەستیپێکردووە، بەهۆی ئەو کێشانە سەریهەڵداوە کە کێشەکانی پێش 13 ساڵ چارەسەر نەکراون.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی ئەوان "رێگە بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان نادەین دۆخەکە بقۆزنەوە.. تورکیا و ئێران لەسەر نەهێشتنی پەکەکە، یەپەگە و پژاک هاوڕان."
عەباس عێراقچی رایگەیاند، ئێران و تورکیا لە بارەی ئاگربەست لە لوبنان و رێگریکردن لە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە هاوڕان.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، ''هەروەها لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر گیان و ماڵی خەڵک و ژێرخانەکانی غەززە و هێنانە ئارای ئاگربەستێک لەوێ هاوڕاین''.
عەباس عێراقچی داوای راگرتنی شەڕەی غەززە و کۆتاییهێنان بە پاڵپشتییەکانی سەربازیی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ ئیسرائیل کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیسرائیل و ''دەستوەردانی دەرەکی'' بە هۆکاری گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانێت و دەڵێت، ''ئێمە هەموو کات لەبارەی ئامانجی رژێمی زایۆنی بۆ دەستدرێژی و پەرەپێدانی شەڕ لە ناوچەکە هۆشداریمان دابوو.
لە رۆژی چوارشەممەوە گرژییەکانی نێوخۆی سووریا زیادیانکردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دەستەی تەحریری شام و گرووپە نزیکەکانی هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا، بەتایبەت حەلەب.
عەباس عێراقیچی گوتی: ''گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەیە و بە ئامانجی لابردنی تەرکیز لەسەر تاوانەکانی رژێمی زایۆنی لە فەلەستین و لوبنان و، قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەکان، هانی دروستکردنی نائارامییان لە سووریا داوە.''
تاوەکو ئێستا هەریەک لە وڵاتانی ئێران و رووسیا بە ئاشکرا پاڵپشتی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە حکومەتی سووریا راگەیاندووە. عێراقچی گوتی: ''گەڕانەوەی دووبارەی تیرۆریستان بۆ سووریا، ئاسایش، سەقامگیری و یەکپارچەیی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە و بێگومان لێکەوتەکانی، هەموو وڵاتان، بەتایبەتی دراوسێکانی سووریا دەگرێتەوە.''
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ هاکان فیدان خوێندنەوەیان بۆ رێکارەکانی رەخساندنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە کردووە، ''هاوڕا بووین کە دەبێ دەستکەوتەکانی پڕۆسەی ئەستانە بپارێزین و رێککەوتین کە دانیشتنی داهاتووی ئەستانە لە ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت، پێمانوایە نابێت کارێک بکرێت کە گرفت بۆ بەردەوامیی پڕۆسەکە دروست ببێت''.
تائێستا 16 گەڕی گفتوگۆکانی ئەستانە بەڕێوەچوون کە یەکەمیان لە ساڵی 2017ـە و دوایینیان تەممووزی ئەم ساڵ بوو. ئامانج لەم گفتوگۆیانە کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوخۆی سووریا. هەریەک لە رووسیا، تورکیا و ئێران وەک گەرەنتیکار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەکو چاودێر لە گفتوگۆکانی ئەستانە بەشدارن. لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانیش، حکومەتی سووریا و لایەنە دژبەرەکانی بوون.
عەباس عێراقچی هۆشداری دەدات و دەڵێت: ''نائارامکردنی سووریا شەڕی نێوخۆ، کوشتنی خەڵکی سڤیل، زیانگەیاندن بە ئابووریی خەڵک و ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە و دەکرێت کاریگەرییەکانی، بگاتە وڵاتانی دراوسێش.''
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، لەگەڵ تورکیا هاوڕان کە ''نابێت سووریا بکرێتە ناوەندێک بۆ گروپە تیرۆریستییەکان و پێویستە رێگری بکرێت لەوەی کە دووبارە ببێتەوە ناوچەیەکی ئەمن بۆیان.''
عەباس عێراقچی دووبارە پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و سوپای سووریا دەربڕی و گوتی، ''پێویستە وەکو وڵاتانی دراوسێ، هەنگاوی جدی و خێرا بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسیی سووریا بنێێن.''
وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی سووریا، لەگەڵ عێراق، میسر و سعودیاش گفتوگۆ دەکات، ''پێمانوایە گفتوگۆی ناوچەیی بۆ رێگریکردن لە قووڵبوونەوەی گرژییەکان زۆر پێویستە.''
هەر یەکە لە ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیاش لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا باسیان لەوە کردووە، ''ئێمە، لە نزیکەوە چاودێریی پەرەسەندنەکانی سووریا دەکەین و داوادەکەین هەموو لایەنەکان گرژییەکان کەمبکەنەوە و خەڵکی سڤیل و ژێرخان بپارێزن، بۆ ئەوەی رێگری لە ئاوارەبوونی زیاتری خەڵک و کەمبوونەوەی زیاتری دەستکەوتنی یارمەتییە مرۆییەکان بکەن."