ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە گەیشتە سەرووی 15 هەزار کەس

02-12-2023
دیار جەمیل
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل 15 هەزار و 207 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون و زیاتر لە 40 هەزار کەسی دیکە برینداربوون. هەروەها ئێستا ئەو شارە بە چڕی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان دەکرێت. 
 
رۆژی هەینی، 01-12-2023، دوای حەوت رۆژ، ئاگربەستی کاتی نێوان ئیسرائیل و حەماس کاژێر 08:00 بە کاتی هەولێر کۆتایی هات، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانەکانی بۆسەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە و لە یەکەم رۆژی دوای ئاگربەست، تەندروستیی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە سەتان کەس کوژراو و بریندار بوون.
 
لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماس چەندین مووشەکی ئاراستەی چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل کرد.
 
لەو ئاگربەستە حەوت رۆژییەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 
سوپای ئیسرائیل دوێنێ هەینی، 01-12-2023، کوژرانی پێنج بارمتەی "ژێردەستی حەماس"ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خێزانی بارمتەکانیان ئاگادارکردووەتەوە و تەرمی یەکێک لە بارمتەکانیشیان وەرگرتووەتەوە.
 
هاوکات، حەماس گوتی، ویستوویانە سێ بارمتە رادەستی ئیسرائیل بکەنەوە و سێ بارمتەی دیکە ئازاد بکەن، بەڵام لەلایەن ئیسرائیلەوە وەڵامنەدراونەتەوە. 
 
57 رۆژە جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە، تاوەکو ئێستا بەهۆی جەنگەوە لە غەززە 15 هەزار و 207 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی بەرپرسانی غەززە، "زۆرینەی ئەوانەی بەهۆی بۆردوومانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵن."  ئیسرائیلیش دەڵێت، لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا 1200 ئیسرئیلی گیانیان لەدەستداوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە