تەندروستیی غەززە دەڵێت لەدوای ئاگربەستەوە زیاتر لە 240 کەس گیانیان لەدەستداوە

02-12-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە دوێنێوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 240 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 650 کەسیش بریندار بوون. ئیسرائیلیش دەڵێت، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان تاوەکو دەگەنە ئامانج کە کۆتاییهاتنە بە فەرمانڕەوایی حەماس.
 
بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، لەدوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر خان یونس چڕکردوونەتەوە و چەندین باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوونی کردوونەتە ئامانج. تەندروستیی غەززە ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، ئەمەی راگەیاند و گوتیشی، دەیان کەس هێشتا لەژێر باڵەخانەکاندان.
 
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە بەیانیی دوێنێوە تاوەکو ئیستا، زیاتر لە 400 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لە غەززە کردوونەتە ئامانج. پێشتریش سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل چەندین جار رایانگەیاندبوو کە لەدوای ئاگربەست بە هەموو هێزیانەوە دەست بە شەڕ دەکەنەوە و ناوەستن تاوەکو ئامانجەکانیان بەدەست دەهێنن.
 
هەینیی رابردوو، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا و دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر. 
 
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.
 
بەیانیی رۆژی هەینی، 01-12-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتاییهات و هەردوولا شەڕیان دەستپێکردەوە. لە کاژێرەکانی سەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕدا، ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئاسمان، دەریا و زەوینییەوە چەندین هێرشیان کردووەتە سەر "پێگەی گرووپە تیرۆیستییەکان".
 
هاوکات بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "لە تۆڵەی کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل"، چەندین پێگەی سەربازانی ئیسرائیلیان کردوونەتە ئامانج و بە مووشەکیش شاری سدیرۆتیان بۆردوومان کردووە.
 
ئیسرائیل لەدوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، بە گوتەی حەماس، بۆردوومانەکانی زیاتر بۆ سەر خان یونسە لە باشووری کەرتی غەززە کە پێشتر خۆی داوای کردووە فەلەستینییەکانی باکووری کەرتەکە بچنە باشوور. 
 
بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ، چوونی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە وەستاوە و بەشی زۆری فەلەستینییەکان پێداویستییەکانی رۆژانەیان دەستناکەوێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە