کۆمیسیاری پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان پرسی پەناخوازان لە لوبنان تاوتوێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران تاوتوێی یارمەتیدانی پەنابەران لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە سەروو یەک ملیۆن پەنابەری سووریا لە وڵاتەکەدا هەن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ـی کانوونی یەکەمی 2022، ناسر یاسین، وەزیری ژینگەی لوبنان گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ فلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری باڵای UNHCR و کە ئێستا بە سەردانێک لە لوبنانە و لەگەڵ بەرپرسان کۆدەبێتەوە. هەر ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و ئێمە تاوتوێی پێویستیی هاوکاریی بۆ لوبنانمان کرد، بۆ ئەوەی هاوکاریی لوبنان و پەنابەران بکەن لەکاتێکدا خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وڵات بەرەو خراپبوون دەچن."
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان 825 هەزار پەنابەری سووریایان لە لوبنان تۆمارکردووە، بەڵام لە ساڵی 2015ـەوە لەسەر داوای بەرپرسانی لوبنان تۆمارکردنیان راگرتووە، بۆیە وا مەزەندە دەکرێت سەروو یەک ملیۆن پەنابەری سووریایی لە وڵاتەکەدا هەبن. 
 
لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەرپرسانی لوبنان پلانێکیان بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان راگەیاند کە بەگوێرەی پلانەکە، لوبنان مانگانە 15 هەزار پەناخوازی دەگەڕاندەوە سووریا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو بەرپرسانی لوبنان دەڵێن تێچووی گەڕاندنەوەیان بۆ دابیننەکراوە. 
 
رۆژی 26ـی تشرینی یەکەم، نزیکەی 500 پەنابەری سووریایی گەڕانەوە سووریا، ئەوەش بووە یەکەم گرووپی پەنابەر لە ماوەی دوو ساڵدا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. هەفتەیەک دوای ئەوەش، 300 پەنابەری دیکە چوونەوە سووریا.