هێزی دەریایی ئیسرائیل لە باکووری لوبنان کەسێک دەڕفێنێت و دەگوترێت سەرکردەیەکی حیزبوڵڵایە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازیی لوبنان دەڵێت، هێزێکی کۆماندۆ لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری باترۆنی رۆژئاوای باکووری لوبنان کەسێکی رفاندووە. میدیای ئەمریکی دەڵێت، ئەو کەسە فەرماندەیەکی دیاری حیزبوڵڵا بووە.
بەرپرسە سەربازییەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "هێزێکی کۆماندۆی دەریایی کەسێکی سڤیلی رفاند"؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە بەردەوامە بۆ ئەوەی بزانرێت کە ئایا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە یان لایەنێکی دیکە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنانیش بڵاویکردەوە، "هێزێکی سەربازیی نەناسراو" لە دەریاوە چووەتە کەناری شاری باترۆن لە باشووری تەرابلوس و "سەربازەکان بە چەکەوە چوونەتە نێو خانوویەکی نزیک دەریا و پیاوێکی لوبنانییان رفاندووە و بە بەلەمێکی خێرا بردوویانە".
باراک راڤید، پەیامنێری پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسێکی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، کەسەکە فەرماندەیەکی هێزی دەریایی حیزبوڵڵایە بە ناوی عیماد ئەمهەز و بەرەبەیانی رۆژی هەینی لە لایەن هێزی دەریایی ئیسرائیلەوە رفێنراوە.
رۆژێک دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7-10-2023، بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە و هەفتانە چەندین هێرشی دەکردە سەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش وەڵامی حیزبوڵڵای دەدایەوە.
شەڕی هەردوولا لە 23ـی ئەیلوول چڕبووەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوودا ئیسرائیل چەندین بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانی کوشتووە، لەوانەش حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی و هاشم سەفیەدین، شوێنگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 08-10-2023ـەوە دوو هەزار و 820 کەس لە لوبنان کوژراون و 12 هەزار و 937 کەسیش برینداربوون. 834 هەزار و 746 کەس ئاوارەبوون کە 52٪یان ژنن.