رووداو دیجیتاڵ
سێ مووشەک لە لوبنانەوە ئاراستەی شارۆچکەی تیرە لە نێوەڕاستی ئیسرائیل کراون. میدیای ئیسرائیل دەڵێت، بەو هۆیەوە 19 کەس بریندار بوون.
رۆژی شەممە 2ی تشرینی دووەمی 2024 سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سێ مووشەک لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی شارۆچکەی تیرە کراون، ئەوەش وایکردووە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی نێوەڕاستی ئیسرائیل لێبدرێت.
میدیای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، لە ئەنجامی ئەو مووشەکانە 19 کەس بریندار بوون. فەرمانگەی فریاگوزاری و تەندروستیی ئیسرائیل دەڵێت، 7 بریندار گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
شارۆچکەی تیرە بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی عەرەبن و نزیکە لە سنووری کەرتی رۆژئاوای فەلەستین.
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری رابردوو، حیزبوڵڵا و ئیسرائیل ناوە ناوە هێرشیان دەکردە سەر یەکدی، بەڵام لە ئەیلوولی ئەم ساڵەوە شەڕی هەردوولا چووەتە قۆناخێکی نوێ. ئیسرائیل هێرشی زەوینیی بۆ سەر حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان دەستپێکردووە و حیزبوڵڵاش هێرشە مووشەکییەکانی چڕتر کردووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم 63 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حیزبوڵڵاوە کوژراون؛ لە لوبنانیش دوو هەزار و865 کەس کوژراون و زیاتر لە 13 هەزار کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ