165 هەزار ئەفغانی پاکستانیان جێهێشت و چوونەوە وڵاتی خۆیان

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی پاکستان دەڵێت، مۆڵەتی مانەوەی کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەفغانی کۆتایی هاتووە و دەبێت بچنەوە وڵاتی خۆیان، بەپێچەوانەوە دەستگیردەکرێن و دیپۆرت دەکرێنەوە. پارێزەران و چالاکڤانانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو هەنگاوە دژی دەستووری وڵاتە.
 
حکومەتی پاکستان مانگێک پێش ئێستا ئاگادارییەکی دا بەو یەک ملیۆن و 700 هەزار ئەفغانییەی بە نایاسایی لە پاکستان دەژین کە تاوەکو 1-11-2023 کاتیان هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە جێبهێڵن، بەپێچەوانەوە دەستگیردەکرێن و دیپۆرت دەکرێنەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02-11-2023، بەرپرسانی پارێزگای خەیبەر پاختونخوای پاکستان رایانگەیاند کە 129 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانی لە دەروازەی پارێزگاکەوە چوونەتەوە ئەفغانستان، هەروەها 38 هەزار و 100ـی دیکەش لە دەروازەی چەمەنی پارێزگای بەلوجستان گەڕاونەتەوە.
 
بەگوتەی بەرپرسان، لەبەر ئەوەی 1ـی تشرینی دووەم دوایین کاتی بەجێهێشتنی پاکستان بوو، بە هەزاران خەڵک بۆ ماوەی چەندین رۆژی رابردوو لە ترسی دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە چوونەتەوە وڵاتی ئەفغانستان. 28 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانی تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە نۆرەیەکی حەوت کیلۆمەترییان گرت تا لە خاڵی پشکنینی تۆرخامی دەروازەی پارێزگای خەیبەرەوە پاکستان جێبهێڵن.
 
عەبدولناسر خان، جێگری کۆمیسیاری سنووری خەیبەر بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ژمارەیەکی ئێجگار گەورەی ئەفغانییە نایاساییەکانی نێو پاکستان گەیشتنە دەروازەی خەیبەر."
 
باڵیۆزخانەی ئەفغانستان لە پاکستان لە راگەیێندراوێک نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی، "ئەم کارە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات تێکدەدات."
 
رۆژی پێنجشەممە، سەعد بن ئەسەد، جێگری کۆمیسیاری پۆلیسی شاری کەراچی رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسدا لانیکەم 100 هاووڵاتیی ئەفغانی دەستگیرکراون هەروەها لە شاری کوێتەی نزیک خاڵی سنووریی چەمەن پۆلیس 425 کەسی دەستگیرکردووە."
 
سەعد بن ئەسەد گوتیشی، "ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن لەدژی کۆچبەرە نایاساییەکان بەردەوامدەبێت."
 
پارێزەران و چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە پاکستان بەو هەنگاوەی حکومەت دڵخۆشنین. مۆنیزا کەکار، پارێزەر لە شاری کەراچی رایگەیاند، "بەپێی دەستووری پاکستان، هەموو کۆچبەرێک کە دێتە ئەم خاکە، مافی خۆیەتی بچێتە دادگا و بە فەرمیی داوای مافی پەنابەرێتی بکات. بەڵام ئەوانەی ئێرە ئەم مافەیان لێ زەوتکراوە."
 
لەلایەکی دیکەوە بەپێی میدیای پاکستان، ئابووریناس و بەشێکی زۆری خەڵکی پاکستان پاڵپشتیی لەو هەنگاوە دەکەن چونکە ئەوان پێیان وایە هەبوونی ئەو رێژە زۆرەی کۆچبەر، کاریگەریی لەسەر ژێرخانی وڵات دروست دەکات. هەروەها، پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە کە لەپێناو ئاسایشی زیاتری پاکستان دەستیان بەم پرۆسەیە کردووە.
 
بەگوێرەی چەند ئامارێکی فەرمی، لەگەڵ گرتنە دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە مانگی ئابی 2021، لانیکەم 600 هەزار هاووڵاتی، وڵاتەکەیان جێهێشتووە.