بەشێکی فەلەستینی و بیانییەکان کەرتی غەززە جێدە‌هێڵن

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک بیانی و فەلەستینی هەڵگری وڵاتینامەی دیکە چاوەڕێی کردنەوەی دەروازەی سنووری رەفەحی نێوان غەززە و میسر دەکەن بۆ ئەوەی کەرتی غەززە جێبهێڵن.
 
عەلا شوباکی، هاووڵاتی ئوردنی دەڵێت، "25 رۆژە دێینە سەر سنوور و چاوەڕێین دەربازمان بکەن، بۆ دواجار ناوم لەنێو لیستی ئەوانەدا بوو، کە رێگەمان پێدەدەن بپەڕینەوە. وامزانی ئەمڕۆ تەنیا بریندارەکان دەرباز دەکەن، بەڵام ئاگادارکرامەوە، کە لیستەکەی ئێمەش ئامادەیە".
 
عەسیل شوراب، هاووڵاتی کەنەدیی دانیشتووی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "ئێمە ئەمڕۆ هاتووینەتە سەر سنووری میسر بەهیوای ئەوەی غەززە بەجێبهێڵن، بەڵام باڵیۆزخانەی کەنەدا پەیوەندیی پێوە نەکردین بەهۆی خراپیی تۆڕی پەیوەندی ناتوانن پەیوەندیمان پێوەبکەن. بەڵام دوێنێ بیستمان دەروازە رەفەح ئەمڕۆ دەکرێتەوە، لە حەوتی بەیانییەوە هاتووینەتە ئێرە بەهیوای دەرباز بین، کەمێک هیوامان هەیە ئێرە بەجیبهێڵین و ژیانمان پارێزراو بێت."
 
لانیکەم 500 بیانی و ئەو فەلەستینیانەی کە هەڵگری پاسپۆرتی بیانین زیاتر لە سێ هەفتەیەیە لە کەرتی غەززە گیریانخواردووە و دەیانەوێت خۆیان لە ئاگری شەڕ دەرباز بکەن.
 
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی دەروازەکەدا، 335 کەسی هەڵگری پاسپۆرتی بیانی و 76 بریندار دەربازی میسر بوون.
 
هیشام عۆدوان، گوتەبێژی دەروازەی سنووری رەفەح دەڵێت، "لەلایەن میسرەوە ئاگادارکراینەوە ئەمڕۆ دەروازەکە دەکرێتەوە بۆ دەربازکردنی 81 برینداری بۆردوومانەکانی ئیسرائیل. هەروەها ئێستا ئێمە لیستێکی ناوی هەڵگری پاسپۆرتی بیانییەکان ئامادە دەکەین تاوەکو بگەڕێنەوە بەری میسر."
 
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی نەبوونی کارەبا و ئاو و بەردەوامی هێرشەکان، کەرتی غەززە لە خراپترین دۆخدایە و تائێستاش زیاتر لە هەشت هەزار و 700 کەس کوژران و زیاتر لە 22 هەزاری دیکەس بریندار بوون.