سوپای ئیسرائیل لە چوار قۆڵەوە هێرشی زەوینی دەکاتە سەر غەززە

02-11-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
تانکەکانی سوپای ئیسرائیل بەرەو سنووری غەززە دەڕۆن و تۆپباران دەکەن. وێنەکە بەیانیی ئەمڕۆ 2-11 لەلایەن  YURI CORTEZ / AFP گیراوە.
تانکەکانی سوپای ئیسرائیل بەرەو سنووری غەززە دەڕۆن و تۆپباران دەکەن. وێنەکە بەیانیی ئەمڕۆ 2-11 لەلایەن YURI CORTEZ / AFP گیراوە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تانک و هێزی تایبەتی سوپای ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززەن، هەرچەندە سوپای ئیسرائیل بە فەرمی دەستپێکردنی هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە رانەگەیاندووە، بەڵام پێنج رۆژە ئۆپەراسیۆنی تایبەت لە نێو کەرتی غەززە دەکات. گوتەبێژی سوپاکە دەڵێت، لە باکوورەوە هێڵی بەرگریی حەماسیان تێپەڕاندووە. 
 
ژەنەڕاڵ ئیتزال کۆهین، فەرماندەی یەکەی 162ـی سوپای ئیسرائیلە، دەڵێت: "ئێمە ئەرکێکی گرنگمان پێدراوە بەوەی بچینە ناوەوە و حەماس لەنێوبەرین. ئێستا لە گەرمەی شەڕداین و ‌هێزەکانمان چوونەتە قووڵایی کەرتی غەززە و لە دەروازەی شاری غەززەداین." 
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2-11-2023، هێزەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، لە وەڵامی هێرشێکی حەماسدا لە شەوی رابردوو کە بە مووشەکی دژەتانک و تەقەمەنیی چێندراو هێرشیان کردووەتە سەر سوپای ئیسرائیل، ئەوان بە مووشەک و بۆردوومان وەڵامیان داونەتەوە و چەند چەکدارێکیان لێ کوشتوون و بریندارکردوون. بەڵام ئاماژەی بە ژمارەیەکی دیاریکراو نەکردووە. 
 
هەروەها گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە باکووری غەززە هێڵی پێشەوەی بەرگریی چەکدارانی حەماسیان تێپەڕاندووە و بەرەو نێو شارەکە دەڕۆن. 
 
هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە چوار بەرەوە دەستییپێکردووە. لە باکووری کەرتی غەززە سێ بەرەی کردووەتەوە کە بریتین لە بیت لاهیا لەسەر دەریا سپی نێوەڕاست، دەروازەی ئیرز لە باکووری کەرتی غەززە و بەرەی حانوون لە باکووری رۆژهەڵاتی غەززە.
 
لە باشووری کەرتی غەززەش، ئیسرائیل بەرەی دۆڵی غەززەی کردووەتەوە، ئەمەش بەمەبەستی بەشکردنی کەرتەکە بەسەر دوو بەشدا. بێجگە لەوەش هێزێکی زۆری دەریایشی ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی لە دەریاوە هێرش دەستپێبکەن.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل بێ وەڵام نەبوونە، چەکدارانی حەماس لە رێگەی هێرشی درۆنییەوە سەربازانی ئیسرائیلیان لەنێو کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج و لە رۆژی هەینییەوە، 17 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون.
 
حەماس دەڵێت ئەو وەڵامدانەوەیە تووندە بۆ ئەوەیە ئیسرائیل ناچار بە ئاگربەست و دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین بکەن.
 
ئیسماعیل ‌هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە ڤیدیۆیەکدا رایگەیاند، "بزووتنەوەکە، نەخشەڕێگەیەکی فراوانی لە رێگەی لایەنە دانوستاندکارەکان پێشکێشکردووە بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ. کردنەوەی دەروازەکان و هەروەها ئاڵوگۆڕی دیلەکان، پاشانیش دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسی کە ببێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین کە قودس پایتەختەکەی بێت." 
 
بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، لە سەرەتای هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەم، لانیکەم 320 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل دەڵێت زیاتر لە دوو هەزار چەکداری حەماسیان کوشتووە، کە زۆربەیان ئەوان بوون هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە