حیزبوڵڵا دەڵێت شکستیان بە چەندین هێرشی ئیسرائیل هێناوە

رووداو دیجیتاڵ 

حیزبوڵڵای لوبنان رایدەگەیێنێت، رێگەیان نەداوە سوپای ئیسرائیل بچێتە نێو چەند گوندێکی سەر سنووری لوبنان و دەشڵێت، سێ تانکی ئیسرائیلییان تێکشکاندووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024 حیزبوڵڵای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەسەر سنوورەکانی باشووری لوبنان سێ تانکی Merkava و چەند رۆکێتێکیان تێکشکاندووە".
 
حیزبوڵڵا هەر بەیانیی ئەمڕۆ راگەیێندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاندبوو، سەربازانی ئیسرائیل دزەیان کردووەتە گوندێکی سەر سنووری باشووری لوبنان و رووبەڕوویان بوونەتەوە. 
 
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، مووشەکیان ئاراستەی هێلیکۆپتەرێکی سەربازی ئیسرائیل کردووە کە چووەتە نێو خاکی لوبنان و ناچار بە گەڕانەوەیان کردووە.
 
لە هەمان کاتدا  سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەشت سەربازیان لەکاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حیزبوڵڵا لەسەر سنووری لوبنان کوژراون. 
 
دوێنێ سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
 
دواتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی 180 مووشەکی بالیستی ئاراستەکراون و بەشێکی زۆریان بەرپەرچ دراونەتەوە.
 
دوای هێرشەکە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا گوتی: "ئێران ئەمشەو هەڵەیەکی گەورەی کرد و باجەکەیشی دەدات. هەرکەس هێرشمان بکاتە سەر، هێرشی دەکەینە سەری."
 
ئەمڕۆ ئێوارە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە رایگەیاند "ئێمە، دەست بۆ ئاشتی درێژ دەکەین، بەڵام ئیسرائیل ناچارمان دەکات وەڵام بدەینەوە."
 
هەروەها هەڕەشەکەی لە ئیسرائیل دووپاتکردەوە و گوتی ئەگەر "وەڵامی هێرشەکەمان بداتەوە، هێرشی تووندتری دەکەینە سەر."