لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆسەر قوتابخانەیەکی غەززە 11 کەس کوژران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرگریی شارستانیی غەززە دەڵێت، لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بۆ سەر قوتابخانەیەکی غەززە 11 کەس کوژران. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندێکی فەرماندەیی حەماس.
 
رۆژی یەکشەممە 01-09-2024 مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر قوتابخانەی سەفەد 11 کەس کوژران لەوانەش، ژنێک و منداڵێکی کچ.
 
بە گوتەی بەسەڵ، قوتابخانەکە دەکەوێتە گەڕەکی زەیتوون لە باشووری رۆژهەڵاتی غەززە و چەندین ئاوارەی فەلەستینی تێدا بووە.
 
سوپای ئیسرائیلیش دوای هێرشەکە رایگەیاند، ناوەندێکی فەرماندەیی حەماسیان لە قوتابخانەی سەفەد کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی 10-08-2024 بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، ئیسرائیل بە مووشەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەی تابعین لە گەڕەکی دەراج و نزیکەی 100 کەس کوژران.
 
ئیسرائیل دانی بە هێرشەکەدا نا و بڵاویکردەوە، "لە قوتابخانەی تابعین ناوەندێکی فەرماندەیی تیرۆریستیی حەماسمان کردە ئامانج. چەندین هەنگاومان گرتەبەر بۆئەوەی مەترسیی سەر ژیانی سڤیلەکان کەم بکەینەوە، لەوانەش چاودێریی شوێنەکەمان کرد و پێش هێرشکردن زانیاریی هەواڵگریمان کۆکردەوە."
 
لە هێرشێکی هاوشێوەدا لە 06-06-2024 بۆ سەر قوتابخانەیەکی شاری دێر بەلەح لە نێوەڕاستی غەززە، لانیکەم 33 کەس کوژران کە 12ـیان ژن و منداڵ بوون.
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 564 قوتابخانەی کەرتی غەززە، 477ـیان راستەوخۆ هێرشیان کراوەتەسەر یان زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. 
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دوای هێرشێکی بزووتنەوەی چەکداریی حەماس بۆ سەر ئۆردووگە جوونشینەکانی ئیسرائیل دەستی پێکرد. بەگوێرەی ئیسرائیل، ئەو رۆژە نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران و 250 کەسیش بە بارمتە بران. بەگوێرەی دوایین ئاماری تەندروستیی غەززەش، 40 هەزار و 738 کەس لە غەززە کوژراون.