سوپای ئیسرائیل: بکوژی سێ پۆلیسەکەمان لە کەرتی رۆژئاوا کوشت

02-09-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، ئەو چەکدارەی لە خاڵێکی پشکنینی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین سەرپەرشتیی هێرشێکی بۆ سەر چەند پۆلیسێکی وڵاتەکەی کرد، کوژراوە.
 
سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە هێرشێکدا بۆ سەر شاری خەلیل لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، ئەو چەکدارەیان کوشتووە.
 
لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت، چەند سەربازێک گەمارۆی خانوویەکیان داوە و دوای تەقەکردن، تەرمێک دەبەنە دەرەوە. سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئەوە تەرمی تەقەکەرەکە بووە.
 
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە لە نزیک شاری خەلیل، چەند چەکدارێک لە نێو ئۆتۆمبێلێکەوە تەقەیان لە 3 پۆلیسی ئیسرائیلی کرد و برینداریان کردن. دواتر هەر 3 پۆلیسەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا.
 
دوای رووداوەکە، کەتیبەی خەلیلو رەحمان بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت. بزووتنەوەی حەماسیش رایگەیاند، "ئەوە وەڵامێکی زۆر ئاسایی و سرووشتی بوو دژی ئەو کۆمەڵکوژییەی لە غەززە دەکرێت."
 
لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، دۆخی کەرتی رۆژئاواش تێکچوو؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 660 فەلەستینی و 38 سەربازی ئیسرائیلی لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە