تورکیش ئێیەرلاینز گەشتەکانی بۆ ئێران دواخست

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئێران بۆ رۆژی شەممە دواخست. 

رۆژی هەینی 2ـی ئابی 2024، ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی شەوی هەینی کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز بۆ شارە جیاوازەکانیی ئێران دواخران. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، تەنیا گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو شەوە بۆ رۆژی 3ـی مانگ دواخراون؛ ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئەگەری نەبوونی کێشە و مەترسی، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان وەک ئەوەی پلانیان بۆ دانراوە، لە رۆژی شەممەوە بەردەوام دەبن. 
 
ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا و ئێرانیش بەڵێنی داوە کاردانەوەی هەبێت. 
 
ترس لە زیادبوونی گرژییەکان و گەورەبوونی جەنگ وایکردووە، چەندین حکومەت داوا لە هاووڵاتیانیان بکەن لوبنان، ئیسرائیل و ئێران جێبهێڵن و چەندین کۆمپانیاش گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەو وڵاتانە رابگرن.