کۆنسووڵی فەلەستین لە هەولێر: ئیسرائیل بەناوی ریشەکێشکردنی حەماس خەڵکی غەززە قڕ دەکات

دوێنێ کاژێر 12:15
هێمن عەساف
خەڵکی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە دەبن. وێنە: AFP
خەڵکی غەززە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارە دەبن. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئیسرائیل بەناوی ریشەکێشکردنی حەماس، خەڵکی غەززە قڕ دەکات و جیهان تەماشای زنجیرە کۆمەڵکوژییەکانی دەکات. هەروەها پێیوایە کوژرانی ئیسماعیل هەنییە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ پێشهاتی مەترسیدار لە ناکۆکی عەرەبی - ئیسرائیلی.
 
نەزمی حزووری، کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان میوانی بوڵتەنی کاژێر هەشتی رووداو بوو؛ لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران، گوتی: "شەهیدکردنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری فەلەستین، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی ناسەقامگیری ناوچەکە بەهۆی کردەوە دوژمنکارانەکەی ئیسرائیلی داگیرکەر."
 
کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەوەی ئیسرائیل لە غەزە دەیکات، "کۆمەڵکوژییە دژ بە گەلی فەلەستین، خاپوورکردن و لەناوبردنی غەزەیە. هەموو جیهان تەماشاکەری زنجیرە کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیلی داگیرکەرە لە دژی خەڵکی ئارامگر و ئاشتیخوازی گەلەکەمان."
 
300 رۆژ بەسەر شەڕی غەززەدا دەبێت، نزیکەی 40 هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. 
 
کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەوەی داگیرکەر بەناوی ریشەکێشکردنی حەماس دەیکات، ئامانجەکەی قڕکردنی گەلی فەلەستینە لە غەززە." دەشڵێت: "داگیرکەر، بەردەوام بازنەی کردەوە دوژمنکارانەکەی فراوان دەکات و هێرش دەکاتە سەر چەند وڵاتێکی خاوەن سەروەری دیکە وەک سووریا، لوبنان تاوەکو دەگاتە ئێران. ئەمە جگە لە هەڕەشەکانیان بۆ عێراق و یەمەن. ئەوەی داگیرکەر دەیکات، پێچەوانەی هیوا و ئاواتەکانمانە کە هەمیشە چاومان لە ئارامی و سەقامگیرییە." 
 
نەزمی حزووری رەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی گرت بەوەی نەیتوانیووە بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ بکات بۆ بەرگرتن لە جەنگ و راگەیاندنی ئاگربەست: "هیوادارین هەر ئێستا ئاگربەست لە غەززە رابگەیێندرێت نەوەک دوای خولەکێکی دیکە. بە راگەیاندنی ئاگربەست، لانیکەم بەر دەگیرێت لە خوێنڕشتنی زیاتری ژن و منداڵ و بەساڵاچووان و لاوان کە هەڕەشەی کوشتنیان لەسەرە.
 
هەروەها رەخنەی لە ئەمریکا گرت بەوەی ئیسرائیل پڕچەک دەکەن: "بینیمان لە ماوەی رابردوودا بایدن و ئیدارەی ئەمریکا 45 هەزار مووشەکی ژیرو  سەتان مووشەکی دیکەیان دایە ئیسرائیل. ئەم مووشەکە ژیرانە بوونەتە مووشەکی گەمژە، بەهۆی ئەوەی ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی غەزەی دەکوشت. ئەمە پرۆسەی لەناوبردنی ئاشتی و چارەسەری دوو دەوڵەت و پێشێلکاری رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە