رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دوو کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەڵمانی و ئیتاڵی گەشتەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ راگرت.
رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، کۆمپانیای لوفتانزای ئەڵمانی رایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گەشتەکانیان تاوەکو رۆژی 8ی ئەم مانگە بۆ تەلئەڤیڤ و 12ی ئەم مانگە بۆ بەیرووت راگرت.
گوتەبێژێکی کۆمپانیاکە رایگەیاند: "بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەوە، گرووپی لوفتانزا خزمەتگوزارییەکانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راگرت."
هەروەها کۆمپانیای فڕۆکەوانی و گواستنەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە گەشتەکانیان بۆ تەلئەڤیڤ راگرت.
هەڕەشەکان چین؟
رۆژی 27ی تەممووز، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلانی سووریا کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە، 12 کەس کوژران و 34ـی دیکە برینداربوون. ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەی کرد، ئەو گرووپەش رەتیکردەوە هێرشەکەی کردبێت.
لە رۆژی 30ی تەممووزدا، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی بەیرووتی کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس کوژران کە یەکێکیان فوئاد شکور، فەرماندەی باڵای حیزبوڵڵا بوو. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییەکانی کردەوە.
دوای کوژرانی فوئاد شکور، رۆژی پێنجشەممە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "ئەمڕۆ نامەوێ گوتار بدەم و وشەکان ریز بکەم. تەنیا ئەو رستەیە دەڵێم؛ بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن."
شەوی پێنجشەممە حیزبوڵڵای لوبنان 60 مووشەک ئاڕاستەی باکووری ئیسرائیل کران و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، 15 مووشەکیان لە ئاسمان خستوونەتەوە خوارەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە تاران ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە تاران کوژرا، کە بۆ بەشداریی لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران چووبوونە ئەو وڵاتە. حەماس و ئێران، ئیسرائیلیان بە کوشتنی تۆمەتبارکرد و هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەلئەڤیڤ هیچی لەبارەوە نەگوتووە.
لە نێوەڕاستی تشرینی یەکەمی2023وە شەڕ و گرژیی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا زیادیان کردووە. تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە 350یان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. حیزبوڵڵاش 42 کەسی لە ئیسرائیل کوشتووە کە 18 یان سەرباز بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ