حووسییەکان: پێویستە وەڵامێکی سەربازیی ئیسرائیل بدرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرکردەیەکی باڵای حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، پێویستە وەڵامێکی سەربازییان بۆ کوشتنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس "لەلایەن ئیسرائیلەوە" هەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی باڵای حووسییەکانی یەمەن لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس رایگەیاند: "پێویستە وەڵامێکی سەربازیمان بۆ ئەم جۆرە تاوانە هەبێت، کە زۆر بێ شەرمانە لەلایەن ئیسرائیلی دووژمنەوە کراوە. ئەو تاوانە مەترسیدارە و دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان." 
 
رۆژی 27ی تەممووز، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بەرزاییەکانی گۆلان کە لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدایە، 12 کەس کوژران و 34ـی دیکە برینداربوون. ئیسرائیل حیزبوڵڵای لوبنانی تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەی کرد، ئەو گرووپەش رەتیکردەوە هێرشەکەی کردبێت.
 
لە رۆژی 30ی تەممووزدا، سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی بەیرووتی کرد و بەهۆیەوە حەوت کەس کوژران کە یەکێکیان فوئاد شکور، فەرماندەی حیزبوڵڵا بوو. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تۆڵەی کوژرانی هاووڵاتییەکانی کردەوە. 
 
دوای کوژرانی فوئاد شکور، رۆژی پێنجشەممە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان رایگەیاند: "ئەمڕۆ نامەوێ گوتار بدەم و وشەکان ریز بکەم. تەنیا ئەو رستەیە دەڵێم؛ بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. دووپاتی دەکەمەوە، بۆ دوژمن و ئەوانەی لە پشت دوژمنەوەن، دەبێ چاوەڕوانی وەڵامی دواتر و یەکلاکەرەوەمان بن. هیچ قسەیەکی دیکە هەڵناگرێت و مشتومڕی ناوێت. لەنێوانماندا تەنیا شەو و رۆژ و گۆڕەپان هەیە."
 
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، لە تاران هەنییە و پاسەوانەکەی کوژران، لەکاتێکدا بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران چووبوونە ئەو وڵاتە. حەماس و ئێران، ئیسرائیلیان بە کوشتنی تۆمەتبارکرد و هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەلئەڤیڤ هیچی لەبارەوە نەگوتووە. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووەتەوە، فەرمانی بە بەرپرسانی ئێرانی کردووە ئەمجارە دەبێت ئێران راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج. 
 
لە نێوەڕاستی تشرینی یەکەمی2023وە شەڕ و گرژیی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا زیادیان کردووە. تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 450 کەس لە لوبنان کوژراون کە 350یان چەکداری حیزبوڵڵا بوون. حیزبوڵڵاش  42 کەسی لە ئیسرائیل کوشتووە، کە 18 یان سەرباز بوون.