25 هاووڵاتی تورکیایی لەکاتی حەجکردندا کۆچی دواییان کردووە

02-07-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن حەج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەوقاف و کاروباری ئایینی تورکیا دەڵێت، لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا 25 کەس کە لە باکووری کوردستان و تورکیاوە چووبوونە سعودیە، لەوێ کۆچی دواییان کردووە. 
 
عەلی ئەرباش، سەرۆکی ئەوقاف و کاروباری ئایینی تورکیا لە رێوڕەسمی گەڕانەوەی یەکەم کاروانی حاجییانی تورکیایی دوای کۆتاییهاتنی وەرزی حەجی ئەمساڵ، رایگەیاند لە چەند رۆژی رابردوودا 25 کەس کە بەمەبەستی حەجکردن چووبوونە سعودیە، لەوێ گیانیان لەدەستداوە. 
 
عەلی ئەرباش رایگەیاند، ئەمساڵ 92 هەزار و 500 کەس بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە باکووری کوردستان و تورکیاوە چوونە سعودیە؛ ئەوەش ژمارەی پێوانەیی 30 ساڵی رابردووی شکاند. 
 
سەرۆکی ئەوقاف و کاروباری ئایینی تورکیا گوتیشی، بەهۆی رێوشوێنە تووندەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا، ساڵی رابردوو تەنیا 37 هەزار و 770 کەس بۆ حەجکردن چووبوونە سعودیە.
 
ئەرباش روونیکردەوە، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە گفتوگۆ دەکەن بۆ زیادکردنی پشکی تورکیا لە حاجییانی ماڵی خودا. 
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 کەس لە 150 وڵات بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج چوونە سعودیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە