رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر دەوروبەری شاری حمس کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادایە، هێزی ئاسمانیی سووریا هەوڵیدا رووبەڕووی هێرشەکە ببێتەوە بە هۆیەوە زیانی ماڵی هەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 2ی تەممووزی 2023، میدیای سووریا لەسەر زاری سوپای وڵاتەکەی رایگەیاند، کاژێر 00:20 شەوی رابردوو، ئیسرائیل لە باکووری رۆژهەڵاتی بەیرووتی پایتەختی لوبنانەوە هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی دەوروبەری شاری حمسی سووریا.
هەر بەگوێرەی میدیای سووریا، هێزی بەرگریی ئاسمانی چەند مووشەکێکی خستووەتە خوارەوە و هێرشەکە زیانی "مادی" لێکەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بەبێ ئاماژەدان بە هێرشەکە، رایگەیان، "سوپاکەمان تێبینیی مووشەکێکی دژە فڕۆکەیان کردووە کە پێدەچێت لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیلەوە تەقێندرابێت، هیچ زیانێکی گیانی تاوەکو ئێستا نەبووە."
سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن، ناوچەی بە ئەمانجگیراو بریتی بووە لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری حمس کە ناوچەیەکە هێزەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنانی نزیک لە ئێرانی تێدا باڵادەستن.
پێشتریش، رۆژی 14ی حوزەیران، سەرچاوە خۆجێیەکان باسیان لەوە کرد، سەربازێکی سووریا لە هێرشێکی ئاسمانی لە نزیک دیمەشقی پایتەخت برینداربووە و، "هێرشەکە کراوەتە سەر کۆگای چەکی چەکدارانی سەر بە ئێران."
هەرچەندە ئیسرائیل زۆر بە دەگمەن باس لە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی سووریا دەکات، نایشارێتەوە کە رێگە بە جێ پەنجەی ئێران لەو وڵاتەدا نادات.
لە ماوەی شەڕی ناوخۆی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە بۆ بە ئامانجگرتنی سوپای سووریا و ئەو گرووپە چەکدارییانەی لە ئێرانەوە نزیکن.
لە ساڵی 2011ەوە، شەڕی نێوخۆیی لە سووریا هەیە کە بووەتە هۆی کوشتنی نزیکەی نیو ملیۆن کەس، زیانی بە ژێرخانی وڵات گەیاندووە و بووەتە هۆی دەربەدەربوونی ملیۆنان کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ