ئیسرائیل بەدوای جێگرەوەی حەماسدا دەگەڕێت بۆ بەڕێوەبردنی غەززە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، خەریکی هەڵسەنگاندنی جێگرەوەیەکن بۆ ئەوەی لەبری حەماس ئەرکی حوکمڕانیی غەززەی دوای جەنگ بگرێتە ئەستۆ.
رۆژی یەکشەممە، 02-06-2024 یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە رێگەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەی گوتی: "لەکاتێکدا خەریکی هەنگاوی سەربازیی گرنگین لەنێو غەززە، دامەزراوەی بەرگری لە هەمانکاتدا خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی حەماسە بۆ بەڕێوەبردنی غەززە."
پێشتر گالانت رایگەیاندبوو، ئەو دژی ئەوەیە سوپای ئیسرائیل غەززە بەڕێوەببات.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی حوزەیران، گالانت سەردانی سەربازانی ئیسرائیلی کرد و باسی "چوارچێوەیەک"ـی کرد. بەگوێرەی گالانت: "چوارچێوەکە ناوچە دابڕێندراوەکانی غەززە لەخۆ دەگرێت کە دەبێت لە حەماس پاکبکرێنەوە، ئینجا هێزی دیکە بهێننە نێو غەززە کە دەتوانن کەرتەکە بەڕێوەببەن."
گالانت بڕوای وایە جێبەجێکردنی "ئۆپەراسیۆنی سەربازی و دانانی جێگرەوەیەک بۆ حەماس" دوو ئامانج بەدەست دەهێنێت، "لەنێوبردنی حەماس وەک دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی و چەکداری، هەروەها گەڕاندنەوەی بارمتەکان."
مانگی رابردوو گالانت گوتی: "دوای حەماس، دامەزراوە فەلەستینییەکان، بە یارمەتیی لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ئەرکی کۆنتڕۆڵکردنی غەززە دەگرنە ئەستۆ."
رۆژی 15-05-2024 وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رەخنەی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت کە هیچ پلانێکی بۆ غەززەی دوای جەنگ نییە. کەرتی غەززە لە نێوان ساڵانی 1967 بۆ 2005 لەژێر جڵەوی ئیسرائیل بوو، لە ساڵی 2007ـدا حەماس ئەرکی بەڕێوەبردنی گرتە ئەستۆ.
گالانت ئەوکات داوای لە سەرۆکوەزیرانەکەی کرد بۆ ئەوەی پلانێک دابنێت و رایبگەیێنێت کە ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی غەززە ناکات.
وەزیرە ئیسرائیلییەکە دەڵێت: "حوکمی حەماسمان لە غەززە قبووڵ نییە."
جەنگی غەززە لە دوای هێرشی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو دەستی پێکرد. ئیسرائیل دەڵێت: "هەزار و 189 کەسمان کوژراون و 252 کەسیش بە بارمتە براون. هێشتا 121 بارمتە لای حەماس ماون و 37ـیان کوژراون."
وەڵامی ئیسرائیل تووند و وێرانکەر بوو، هەشت مانگە جەنگ بەردەوامە. بەگوێرەی تەندروستیی غەززە، 36 هەزار و 439 کەس کوژراون کە زۆربەیان سڤیلن.