تورکیا هەموو جۆرە بازرگانییەکی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت

02-05-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی تورکیا هەموو جۆرە بازرگانییەکی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت. وەزارەتی بازرگانی دەڵێت: "تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل بە تەواوی رێگە دەدات هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە غەززە، لە بڕیارەکەیان پاشگەز نابنەوە."
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا راگرتنی تەواوی بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوکردەوە: "سەرجەم ئەو کاڵایانەی هەناردەی ئیسرائیلمان دەکرد و ئەو کاڵایانەی لە ئیسرائیل هاوردە دەکران راگرتووە." 
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش دەکات، تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل کۆتایی بە گەمارۆی سەر کەرتی غەززە دەهێنێت و رێگەی تەواو دەکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی، پزیشکی و پێداویستی سەرەکیی رۆژانە بۆ خەڵکی غەززە، لە بڕیارەکەیان پاشگەز نابنەوە. 
 
وەزارەتی بازرگانی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات، قۆناخی یەکەمی سنووردارکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل رۆژی 9ـی نیسانی 2024 جێبەجێکرد. تێیدا هەناردەکردنی 54 بەرهەم و کاڵامان بۆ ئیسرائیل قەدەخەکرد. 
 
وەزارەتی بازرگانی تورکیا ئاماژەی بەوەشدابوو کە سنووردارکردنی ھەناردەکردن بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی تەلئەڤیڤ، ئاگربەست لە غەززە رادەگەیێنێت و رێگە دەدات بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستینییەکان.  
 
پێشتر حکومەتی تورکیا بەوە تۆمەتبارکرابوو، کە دوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەریش، سووتەمەنیی فڕۆکەی جەنگی و چەک و پێداویستی سەربازیی هەناردەی ئیسرائیل دەکات. 
 
بەڵام ئەنقەرە رەتیکردەوە و "بۆ سەلماندنی نیازپاکی" رۆژی 9ـی نیسانی 2024، هەناردەی 54 بەرهەمی تورکی بۆ ئیسرائیل قەدەخەکرد، کە کەرەستە و پێداویستییە سەرەکییەکانی بیناسازی، ئاسن، کانزا، پۆڵا، مەرمەر، سیرامیک، بۆڕی، چیمەنتۆ و چەندین مادەی کیمایی مەدەنی لەخۆ دەگرت. 
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی تورکیا، ساڵی 2023 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیسرائیل 6.8 ملیار دۆلار بوو. 76٪ی بازرگانییەکە هەناردەی تورکیا بوو بۆ ئیسرائیل.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە