ئەو گەنجەی لە قودس هێرشی کردە سەر پۆلیسی ئیسرائیل و کوژرا، عەرەبی رووها بووە

رووداو دیجیتاڵ

ئەو کەسەی لە شاری ئۆرشەلیم/قودس، بە چەقۆ هێرشی کردە سەر پۆلیسی ئیسرائیل و دواتر لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژرا، خەڵکی پارێزگای رووهای باکووری کوردستانە، بە رەگەز عەرەبە و لە ناوچەی ئەیووبییە لەدایکبووە.
 
رۆژی 30ـی نیسانی 2024، دانیشتوویەکی پارێزگای رووهای باکووری کوردستان بە ناوی حەسەن ساکلانان لە شاری ئۆرشەلیم/قودس بە چەقۆ هێرشی کردە سەر پۆلیسی ئیسرائیل، دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە کوژرا. لە ئەنجامی هێرشەکەیدا، پۆلیسێکی ئیسرائیلی بریندار بوو.
 
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند "لە ناوچەی شارە کۆنەکە لە دەروازەی ئەلسەحرە (هەرۆد)، دەوروبەری کاژێر 12:30 کەسێک هەوڵیدا بە چەقۆ هێرش بکاتە سەر پۆلیس. هێزەکانی پۆلیس تەقەیان کرد و ئەو کەسەیان کوشت. هێرشبەرەکە چەقۆیەکی پێبوو. هێرشبەرەکە هاووڵاتی تورکیایە."
 
هەرچەندە ئیسرائیل، حەسەن ساکلانانی وەک هاووڵاتییەکی تورکیا ناساند، بەڵام دوای رووداوەکە زۆر کەس لەبارەی ناسنامەکەی پرسیاریان لەلا دروست بوو.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، حەسەن ساکلانان لە 1ـی کانوونی دووەمی 1990 لە ناوچەی ئەیوبییەی سەر بە پارێزگای رووها لە دایک و باوکێکی عەرەب لەدایکبووە. 
 
دوای خوێندنی لە ئامادەیی ئیمام خەتیب لە شاری رووها، حەسەن ساکلانان وەک مەلای مزگەوتێک دامەزرا. ساکلانان خێزاندارە و خاوەنی 2 کوڕ و 2 کچە.
 
لە ساڵی 2021ـەوە، حەسەن ساکلانان مەلا و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی چەتەلۆخێی سەر بە ناوچەی خەلیلییەی رووها بووە. گوندی چەتەلۆخێ دەکەوێتە نێوان شاری رووها و ناوچەی وێرانشار، دانیشتووانی گوندەکە کوردن و 80 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری رووهاوە دوورە.
 
حەسەن ساکلانان لەگەڵ کۆمەڵەیەکی گەشتیاریی سەر بە ئەوقافی تورکیا چووەتە ئوردن، رۆژی 29ـی نیسانی 2024 لەگەڵ کۆمەڵێک گەشتیار لە ئوردنەوە چووەتەوە ئیسرائیل.