ئێران: هیچ کاتێک لە شەڕی دژی ئیسرائیل دەستپێشخەر نەبووین

رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، تاران هیچ کاتێک لایەنی دەستپێشخەری شەڕ لە دژی ئیسرائیل نەبووە و بانگەشەکانی رژێمی ئیسرائیل لەوبارەیەوە بێ بنەما و رەتکراوەن.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەڵامی تۆمەتەکانی نوێنەری ئیسرائیل لە دژی ئێرانی داوەتەوە.
 
لە نامەکەدا کە لە لایەن میدیای فەرمیی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، نوێنەری ئێران رایگەیاندووە، هەموو ئەو بانگەشە بێ بنەما و بێ بەڵگانەی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە نامەکانی 8 و 13ـی نیسانی 2024ـی نوێنەری رژێمی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا بۆ سکرتێری گشتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسکراون، لە لایەن تارانەوە رەتدەکرێنەوە.
 
ئەمیرسەعید ئیرەوانی دەڵێت: "ئەو بانگەشانەی کە لە نامەکاندا باسیان لێوەکراوە، بێ بنەمان و هەوڵێکی بێ ئومێدانەی رژێمی ئیسرائیلە بۆ بەلارێدابردنی سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر تاوانە قیزەونەکانی و ئەو جینۆسایدەی کە ئەو رژێمە ئاپارتایدە دژ بە گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە دەیکات."
 
ئیرەوانی لە نامەکەیدا باس لەوە دەکات کە بەو بانگەشانە، هەوڵدەدرێت رەوایەتی بدرێتە هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل لە دژی لوبنان و پێشێلکردنی بەردەوامی یاسا نێودەوڵەتییەکان، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارنامەکانی 1559 (ساڵی 2004) و 1701 (ساڵی 2006) ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن ئەو وڵاتەوە.
 
ئاماژەی بە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کردووە و دەڵێت: "هەروەک لە نامەکەماندا جەختی لێکراوەتەوە، کردەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 13ـی نیسانی 2024، بەمەبەستی جێبەجێکردنی مافی رەوای خۆی و لە چوارچێوەی مافی بەرگریی رەوا و بەپێی مادەی 51ـی جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە. ئەم چالاکییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە دەستدرێژییە سەربازییە دووبارەکانی رژێمی ئیسرائیل و بە تایبەت هێرشی سەربازیی ئەم رژێمە لە 1ـی نیسانی 2024 بۆ سەر شوێنە دیپلۆماسییەکانی ئێران، کە پێچەوانەی بڕگەی چوارەمی مادەی 2ـی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بوو."
 
شەوی شەممە 13-04-2024 تاوەکو بەرەبەیان، ئێران لە رێگەی نزیکەی 300 درۆن و مووشەکی کروزەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکە زیانێکی ئەوتۆی نەبووە و 99%ـی مووشەک و درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە.
 
هێرشەکە دوای ئەوەدا هات رۆژی 01-04-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرایە ئامانج و حەوت کەس، کە دووانیان فەرماندە و ئەوانی دیکەش راوێژکاری سەربازیی ئێران بوون، کوژران؛ ئێران تۆمەتەکەی خستەپاڵ ئیسرائیل و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد.