ئیسرائیل گیانلەدەستدانی سەرکردەیەکی سەربازیی فەڵەستینی لە زیندان راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئیسرائیل رایدەگەیێنن، سەرکردەیەکی سەربازیی فەڵەستینی دوای زیاتر لە 87 رۆژ مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە، لە یەکێک لە زیندانەکانی وڵاتەکە گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی سێشەممە 2ی ئایاری 2023 بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند، "خزر عەدنان، سەرکردەی گرووپە جیهادییەکانی فەڵەستین، ماوەی 87 رۆژ بوو مانی لە خواردن و خواردنەوە گرتبوو و رەتیکردەوە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت، ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا."
 
دوای راگەیێندراوەکەی بەرپرسانی ئیسرائیل، گرووپە جیهادییەکانی فەڵەستین رایانگەیاند، "خەباتی ئێمە بەردەوام دەبێت و دەبێت دووژمن ئەوە بزانێت کە تاوانەکانی بەبێ سزا تێناپەڕن. خۆڕاگری بە هەموو شێوەیەک بەردەوام دەبێت."
 
دوای ئەوەش سێ مووشەک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی سنوورەکانی ئیسرائیل کران. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە ناوچەی کیبوتز لە نزیک سنوورەکانی غەززە، دەنگی تەقینەوە بیستراوە."
 
تائێستا هیچ لایەنێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی لە هێرشە مووشەکییەکانی سەر غەززە رانەگەیاندووە.
 
بە گوتەی فەڵەستینییەکان، خزر عەدنان زیاتر لە 12 جار دەستگیر کراوە و دوا جاریش بەبێ دادگایی لە زیندانەکانی ئیسرائیل هێڵدراوەتەوە و چەندین جار مانگرتنی لە خواردن راگەیاندووە. ساڵی 2015، خزر عەدنان، بۆ زیاتر لە 55 رۆژ مانگرتنی لە خواردن راگەیاندبوو.
 
بەگوێرەی رێکخراوی HaMoked کە رێکخراوێکی ئیسرائیلییە و داکۆکی لە مافی فەڵەستینییەکان دەکات، زیاتر لە 1000 فەڵەستینی بەبێ ئەوەی دادگایی کرابن، لە زیندانی ئیسرائیلییەکانن.