سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کنێستی ئیسرائیل: ئێران هەوڵی دروستکردنی ناسەقامگیری لە عێراق دەدات

02-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
کێڤن مەککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کنێستی ئیسرائیل. وێنە: AFP
کێڤن مەککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کنێستی ئیسرائیل. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم سەردانی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دەرەوە، بۆ شاری قودس (ئۆرشەلیم) بوو. لە کنێست پەرلەمانتارانی ئیسرائیل بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لە کێڤن مەککارتی کرد.
 
کێڤن مەککارتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو هەڕەشانە، هۆکارێکی سەرەکییان هەیە، ئەویش رژێمی ئێرانە. زۆربەی ئاژاوەکانی ناوچەکە و تووندوتیژی و ناسەقامگیری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەرچاوەیە. ئێران هەوڵی دروستکردنی ناسەقامگیری لە عێراق دەدات و دەیەوێت توانا مووشەکییەکانی لە سووریا پێشبخات، رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا بەهێز بکات و بەنزینیش بە جەنگی خوێناویی نێوخۆی یەمەندا بکات، بەمانەش دەیەوێت بە هێزی تووندڕەو چواردەوری ئیسرائیل بگرێت. تاوەکو من سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بم، ئەمریکا بە تەواوەتی پاڵپشتی و هاوکاریی ئەمنیی ئیسرائیل دەکات."
 
ساڵی 2016 ئەمریکا و ئیسرائیل یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. بەگوێرەی ئەو یاداشتنامەیەش کە بۆ ماوەی 10 ساڵە، واشنتن ساڵانە سێ ملیار و 300 ملیۆن هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل دابین دەکات.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "کێڤن مەککارتی پاڵەوانی هاوپەیمانیی ئیسرائیلی – ئەمریکییە و پێموابێت دۆستێکی باشترمان نییە. هەروەها ئێوە دەبنە دووەم سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کنێست گوتار پێشکێش بکەن. دەبێت ئەوەش بڵێم، بەیاننامەکەی ئەمدواییەی 400 ئەندامی کۆنگرێس بۆ پشتگیریکردن لە ئیسرائیل هەنگاوێکی گەورە بوو، ئەمەش پتەویی ئەو هاوپەیمانێتییە دەسەلمێنێت."
 
ئەمریکا گەورەترین هاریکاریی مێژوویی ئیسرائیلە و تاوەکو ساڵی 2022، واشنتن 158 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئیسرائیلی کردووە، بەتایبەت لە پێشخستنی سیستمی بەرگریی مووشەکی بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە