ئێران باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکەی لە سعودیە کردەوە

02-05-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن سعودیە ئێران ئێریک تێن هاگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد دوای زیاتر لە حەوت ساڵ، باڵیۆزخانە، کۆنسوڵخانەکەی هەروەها نوێنەرایەتی تارانی لە رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە سعودیە کردەوە.
 
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە (1ـی ئایاری 2023) لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا، رایگەیاند وڵاتەکەی سێ نووسینگەی نوێنەرایەتیی لە سعودیە کردووەتەوە، ئەمەش دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ریاز لە دوای زیاتر لە حەوت ساڵ گرژیی و ئاڵۆزی.
 
ناسر کەنعانی وردەکارییەکانی ئەو هەنگاوەی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و، گوتی سێ نوێنەرایەتییەکەی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێکهاتوون لە هەر یەک لە؛ باڵیۆزخانە لە ریازی پایتەختی سعودیە، کۆنسوڵخانە لە شاری جەددە و نوێنەرایەتیی لە رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە.
 
لە کۆتایی مانگی ئاداری رابردوو، بە نێوەندگیریی چین و لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە، ئێران و سعودیە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 2016، سعودیە باڵیۆزخانەکەی لە تاران داخست و سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد، بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەرانی ئێرانی لەبەرامبەر لەسێدارەدانی شێخێکی شیعەمەزهەب لە سعودیە، هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەکە و سووتاندیان.
 
لە سەرەتای مانگی رابردوو، هەردوو وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە لە پەکین کۆبوونەوە و رێککەتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دیارییکردنی وادەی کردنەوەی نوێنەرایەتی هەردوولا و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان واژۆ کرد. 
 
رۆژی شەممەش، فڕۆکەیەکی سعودی هاوکاریی 65 هاووڵاتیی ئێران کرد و لە سوودانەوە گەیاندنیە شاری جەددە، بەهۆی ئەو شەڕەی لە سوودان دروست بووە. بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو ئێرانییانە بە فڕۆکەیەکی تایبەتی رەوانەی ئێران بکەنەوە. 
 
لای خۆیەوە، وانگ یی، وەزیری کاروباری دەرەوەی چین، سەبارەت بە رێککەوتنی ریاز و تاران، رایگەیاند ئەو رێککەوتنە "سەرکەوتنی دیالۆگ و ئاشتییە"، ئەو هەنگاوەشی بە "بە رۆڵە بونیاتنەرەکەی چین لە ناوچە گەرمەکانی جیهان" بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان، وەسف کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە