ئیبراهیم رەئیسی دەڵێت هێرشەکەی ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت

02-04-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند "هێرشە تیرۆریستییەکە"ـی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا "بێ وەڵام نابێت."
 
رۆژی سێشەممە، 2ـی نیسانی 2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی بەئامانجکردنی کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا لە لایەن ئیسرائیلەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
رەئیسی رایگەیاند "بە تووندی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق شەرمەزار دەکەم، کە بووە هۆی کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و، پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازی بۆ بەرگریکردنی لە مەزارگە پیرۆزەکانی ئەهلی بەیت و بۆ پاراستنی بەها باڵاکانی ئیسلام و مرۆڤایەتی لە سووریا بوون."
 
ئیبراهیم رەئیسی هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد و گوتی "هێرشەکە تیرۆریستییە و پێشێلکاریێکی زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانە و ئەو تاوانەی زایۆنییەکان بێ وەڵام نابێت."
 
سەرۆککۆماری ئێران دەشڵێت، "ئیسرائیل دەبێ بزانێت بێزاری و رق و کینەی گەلانی ئازاد بەرامبەر بە سرووشتی ناڕەوای ئەو، رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت."
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کرایە ئامانج و بە تەواوی خاپوور بوو.
 
دوای هێرشەکە، سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی حەوت کەس لە فەرماندەی باڵا و راوێژکارانی سەربازیی ئەو وڵاتەی پشتڕاستکردەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی لە سووریا بوون، کوژراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە