بەرپرسی ئەمنیی حیزبوڵڵای عێراق: ئامادەین بۆ پڕچەککردنی 12 هەزار کەس لە ئوردن

02-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق دەڵێت گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی بۆ 12 هەزار کەس لە ئوردن ئامادەکردووە بۆ بەرگریکردن لە فەلەستین. داواش دەکات رێگەی زەوینی لە ئیسرائیل داببڕێندرێت.
 
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، کە یەکێکە لەو هێزانەی ناویان لە خۆیان ناوە مقاوەمی ئیسلامی لە عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی سەر بەشی کونسوڵگەریی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بڵاوکردەوە و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد.
 
عەسکەری دوای سەرەخۆشیی لە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەڵێت "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئامادەیە بۆ پڕچەککردن و دابینکردنی چەکی مامناوەند و سووک، مووشەکی دژە تانک، مووشەکی تەکتیکی، ملیۆنان فیشەک و چەندین تۆن تەقەمەنی بۆ 12 هەزار چەکدار لە ئوردن."
 
ئەو بەرپرسە سەربازییەی حیزبوڵڵا، کە حیزبەکەی و سەرکردە باڵاکانی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادان، دەشڵێت "ئامادەین بۆ دابینکردنەکە ئەوە بەسە بۆ ئەوەی سەرەتا لەلایەن موجاهیدانی بزووتنەوەی حەماس یان جیهادی ئیسلامییەوە رێگەی زەوینی لە قەوارەی زایۆنی بگرین."
 
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە عێراقییە لە کاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024، مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە رایگەیاند لە رێگەی درۆنەوە لە شاری ئیلات پێگەیەکی سەربازیی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.
 
رۆژی دووشەممە، 1ـی نیسانی 2024، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سووریا، باڵەخانەی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران، کە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیە، کرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، باڵەخانەکە بە تەواوی خاپوور بووە و چەند کەسێک کوژراون.
 
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، محەممەدڕەزا زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لوبنان لە هێرشەکەدا کوژراوە.
 
چەند رۆژێکیشە دۆخی ئەمنیی ئوردن بەهۆی پشتیوانییەکان لە فەلەستین و حەماسەوە شێواوە و هێزە ئەمنییەکان بەشێک لەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە بە دروستکردنی پشێوی تۆمەتباری کردوون.
 
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە عێراق و سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریکا کرد. بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا چەند جارێک بەتووندی وەڵامی دانەوە، لەوانەش کوشتنی ئەبو باقر ساعیدی، فەرماندەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە شەوی چوارشەممە، 07-02-2024، لە نێو جەرگەی بەغدا، گرووپەکە هیچ هێرشێکی دیکەی نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە