سعودیە دەیەوێت بەشار ئەسەد بانگهێشتی لووتکەی کۆمکاری عەرەب بکات

02-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە بەنیازە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەب بکات.
 
رۆژی یەکشەممە 02-04-2023 سێ بەرپرسی سعودی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، زانیارییان لەبارەی پلانەکەی حکومەتی سعودیە درکاندووە و ئاشکرایان کردووە، ریاز بەنیازە بەشار ئەسەد بانگهێشتی کۆبوونەوەکانی لووتکەی کۆمکاری عەرەب بکات کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت.
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوانە کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، بڕیارە لە چەند هەفتەی کەمی داهاتوودا فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە سەردانی سووریا بکات و بە فەرمی نامەی بانگهێشتکردنەکە رادەستی ئەسەد بکات.
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دەرەوەی سعودیە هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و وەڵامی پرسیارەکانی هەندێک میدیای لەو بارەیەوە نەداوەتەوە.
 
جەمال روشدی، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەب لەو بارەیەوە گوتی، "رێکخراوەکە ئاگاداری هەموو پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام نییە و چاوەڕێش ناکات بەر لە بانگهێشتکردن و سەردانەکە، ئاگادار بکرێنەوە."
 
لە ساڵی 2011وە و لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی سووریا کە دواتر بۆ شەڕی نێوخۆیی و پێکدادانی تووندی چەکداریی سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکان گۆڕدرا، ئەندامێتیی سووریا لە کۆمکاری عەرەبی هەڵپەسێردرا و لەو کاتەوە پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئابووریی سووریا لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی عەرەب تێكچوو.
 
پێشتر ئیمارات پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا دەستپێکردەوە و باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق کردەوە.
 
گەڕاندنەوەی سووریا وەکو 22مین ئەندامی کۆمکارەکە جووڵەیەکی سیمبۆلییە و گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی دیار لە هاوکێشە ناوچەییەکان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە