رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

وێنەیەکی ساڵی 2020ـی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆشکی سپی، وێنە: Saul Loeb/AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بە جەنگ نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان گۆڕیوە و بە کارکردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نەخشەکە "زیاتر و باشتر" دادەڕێژنەوە.
بۆ کوبوونەوە لەگەڵ ترەمپ، نەتەنیاهوو بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-2-2025) بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.
نەتەنیاهوو، دەبێتە یەکەمین سەرکردەی جیهان لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ، سەردانی واشنتن بکات.
پێش ئەوەی بەڕێبکەوێت، نەتەنیاهوو لە فڕۆکەخانە گوتی "ئەو بڕیارانەی لە جەنگدا دەرمانکردن، سیمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان گۆڕی. بڕیارەکانمان و بوێریی سەربازەکانمان نەخشەکەیان داڕشتەوە. بەڵام بڕوام وایە، بە پێکەوەکارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، دەتوانین زیاتر و باشتر دایبڕێژینەوە."
سەردانی نەتەنیاهوو بۆ واشنتن لەکاتیكدایە، ئاگربەستی غەززە تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بڕیارە بەم زووانە گفتوگۆ بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە دەستپێبکەن.
نەتەنیاهوو کە لە لایەن دادگەی نێودەوڵەتی تاوانەوە لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جینۆساید لە غەززە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە، پەیوەندیی باشی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا نەبوو و لە کۆتایی ساڵی 2022ـەوە سەردانی کۆشکی سپیی نەکردووە، وێڕای ئەوەی پار بۆ قسەکردن لە کۆنگرێس، چووە واشنتن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ