ئەم ساڵ ئیسرائیل هەشت جار هێرشی کردووەتە سەر سووریا و 24 چەکدار کوژراون

02-02-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا سێ کەس کوژراون کە عێراقییەک و لوبنانییەکیان تێدایە و سێیەمیان نادیارە، بەپێی روانگەکە ئەم ساڵ هێزەکانی ئیسرائیل هەشت جار هێرشیان کردووەتە سەر سووریا و بەهۆیانەوە 15 شوێن بە ئامانج گیراون و 24 ئەفسەر و سەرباز کوژراون کە 14یان بیانین و لەنێویاندا دوو عێراقی هەن.
 
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە رێکخراوێکی تایبەتە بە تۆمارکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، رایگەیاند بەهۆی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگایەکی حیزبوڵڵای لوبنانی لە نزیک قوتابخانەی مهەنییە لەسەر رێگەی عەقربا - سەیدە زەینەب لە باشووری دیمەشق و ناوچەی غزلانییە لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی دیمەشق سێ کەس کوژراون، لوبنانی و عێراقییەکیان تێدایە و سێیەمیشیان نادیارە.
 
بەوەش ژمارەی کوژراوان کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر سووریا لە ساڵی 2024دا بۆ 24 کەس زیادیکردووە کە لە هەشت هێرشدا کراونەتە ئامانج.
 
کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، بەپێی روانگەکە بەمشێوەیە بووە:
 
- شەش چەکداری سوپای پاسداران 
- چوار چەکداری حیزبوڵلای لوبنان
- سێ چەکداری عێراقی
- حەوت چەکداری میلیشیاکانی ئێران لە هەڵگرانی وڵاتینامەی سووریا
- سێ چەکداری میلیشیاکانی ئێران لە هەڵگرانی وڵاتینامەی دیکە
- یەک چەکدار کە ناسنامەی دیار نییە
 
بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەو هەشت هێرشەی ئیسرائیل پێنجیان ئاسمانی و سێیان زەوینی بوونە، پێنج هێرشیان بۆ سەر دیمەشق و دەورووبەری و سێ هێرشیان بۆ سەر پارێزگای دەرعا بووە.
 
شەڕی ئیسرائیل و حەماس کوژرانی زیاتر لە 27 هەزار و 19 کوژراوی فەلەستینی و 1200 ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە.
 
بەهۆی هێرشەکانەوە، ئیسرائیل رووبەڕووی چەند بەرەیەکی جەنگ بووەتەوە، کە بریتین لە هێرشەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، میلیشیاکانی ئێران لە سووریا، حوسییەکان لە یەمەن و حەماس و گرووپەکانی دیکە لە غەززە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە