بزووتنەوەی نوجەبا: مقاوەمە لە هێرشەکانی بۆ سەر ئەمریکا بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاند، هەڕەشەکانی ئەمریکا هیچ کاریان لێناکات. دەشڵێت 'مقاوەمەی ئیسلامی' لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکییەکان بەردەوام دەبێت. 
 
ئەکرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەناسێنن؛ رۆژی هەینی، 2ـی شوباتی 2024، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بڕیاری ئێمە عێراقییانەیە و تاوەکو بەدیهاتنی دوو بابەت ناوەستین، یەکەمیان راگرتنی سەرجەم هێرشەکانی سەر غەززە و کشانەوەی داگیرکاریی ئەمریکا."
 
باسی راگرتنی هێرشەکان لەلایەن گرووپی کەتیبەکانی حیزبوڵلای عێراقەوە دەڵێت: "دوای ئەوەی لەگەڵ ئەبو حوسێن حمێداوی، سەرکردی موجاهید قسەمانکرد و هۆکارەکانی راگرتنی چالاکاییەکانی بۆ روونکردینەوە، راستی و دانایی بڕیارەکەمان بۆ روونبووەوە." دەشڵێت: "لە ئایندەدا ئەو بڕیارە زیرەکانەی دەردەکەوێت، کە خۆنەویستانە بووە، بەڵام چاوەڕوانی گەڕانەوەی بەمنزیکانەشیان دەکەینەوە."
 
سەبارەت بە هەڕەشەی ئەمریکا بۆ کردنە ئامانجی ئەو گرووپانە، بە تایبەت لە دوای هێرشی سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن کە کوژرانی سێ سەرباز و برینداربوونی نزیکەی 40ی دیکەی لێکەوتەوە، ئەکرەم کەعبی دەڵێت: "ئەو هەڕەشانە کاریگەریمان لەسەر ناکات و ساردمان ناکاتەوە، هەر کردنە ئامانجێکیش بە وەڵامێکی گونجاو وەڵامدەدرێتەوە."
 
ئەکرەم کەعبی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە: "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بە سەرجەم گرووپەکانی دیکە بەردەوام دەبێت لە بڕیارەکەی تاوەکو بەدیهاتنی داواکارییەکانی."
 
دوای هێرشەکەی هێرشەکەی 28ی مانگی رابردووەوە بۆ سەر بنکەی تاوەر 22 لە سێگۆشەی سنووریی ئوردن - عێراق - سووریا، چەندین جار بەرپرسانی ئەمریکا باسیان لە وەڵامدانەوەی هێرشەکە کردووە کە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی بە بەرپرسیار لە هێرشەکە دەزانرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 30ی کانوونی دووەمی 2024، ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق رایگەیاند: "سەرجەم ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و ئەمنییەکانمان بۆ سەر هێزەکانی داگیرکەر هەڵدەسپێرین، بۆ شەرمەزارنەکردنی حکومەتی عێراقی".
 
لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، واتە 10 رۆژ لە دوای جەنگی غەززەوە، گرووپە چەکدارە عێراقی، سووری، لوبنانی و یەمەنییەکان، کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمە" دەناسێنن، هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستپێکردووە. لەو کاتەوە لانیکەم 166 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، باشووری کوردستان، سووریا، رۆژئاوای کوردستان و ئوردن.