رووداو دیجیتاڵ
کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن گەرمترین رۆژەڤی ئەمریکایە و یەکەمین بابەت بوو کە سەرۆکی وڵاتەکە لە گوتارەکەیدا بە بۆنەی رۆژی نزاکردنی نیشتمانییەوە باسی کرد.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بە جیا قسەم لەگەڵ خێزانەکانیان کردووە و رۆژی هەینی، من و خێزانەکەم لە بنکەی ئاسمانی دۆڤەر پێشوازی لە تەرمەکان دەکەین. هەرگیز خزمەت و قوربانییان بۆ وڵاتەکەمان لەبیرناکەین."
بۆ ئەمریکا، ئەمە برینێکە و ئازارشکێنەکەیشی تەنیا تۆڵەسەندنەوەیە. لە یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی خۆیدا دوای دەرکەوتنی لە نەخۆشخانە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، وەڵامی تووندیان بۆ هێرشە درۆنییەکەی سەر بنکەی تاوەر 22 دەبێت.
لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکانی ناوچەکە، بەڵام بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا، بەرژەوەندی و خەڵکەکەمان هەموو رێکارێک دەگرینەبەر. وەڵام دەدەینەوە لەو کات و شوێنە و بەو شێوازەی کە هەڵیدەبژێرین."
بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا کە قسەیان بۆ دەزگای میدیایی سی بی ئێس کردووە کە هاوبەشی میدیایی رووداوە لە ئەمریکا، واشنتن گڵۆپی سەوزی بۆ پێنتاگۆن پێکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ باشبوونی کەشوهەوا، لەنێو سووریا و عێراق پێگەی گرووپە چەکدارەکان و سوپای پاسداران بکاتە ئامانج.
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، هێرشەکە لەوانەیە لە ماوەی چەند رۆژێکدا بێت. پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، وەڵامی هێرشەکەی سەریان رەنگە زیاتر لە جارێک بێت.
کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق و عەسائیبی ئەهلی حەق، پێش بەرکەوتنی گورزەکە، دەستهەڵگرتنی خۆیان لە هێرشەکانیان راگەیاند.
هاوکات پێنج سەرچاوەی ئاگاداری دۆخی سووریا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی خۆی لە سووریا کشاندووەتەوە و زیاتر پشت بەو گرووپە چەکدارانەی سووریا دەبەستن کە نزیکن لە وڵاتەکەوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، لەکاتێکدا بەشێک لە لایەنە تووندئاژۆکانی نزیک لە تاران داوای تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی بەرپرسەکانیان دەکەن، بڕیارەکەی ئێران بۆ دووربوونە لە بەشداریی راستەوخۆی ئەو ململانێیانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان گرتووەتەوە.
هەروەها، لە کاتێکدا ئێران هیچ نیازێکی نییە بۆ دەرچوون لە سووریا، ئەم هەنگاوەی دووبارە بیرکردنەوەیە لە دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕەی لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بەهۆی جەنگی حەماس و ئیسرائیل ناوچەکەی گرتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ