باڵیۆزی سعودیە لە عێراق: بارزانی پیاوێکی واقیعی و راستگۆیە

رووداو- هەولێر

سامر سەبهان، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر،  وێنەیەکی خۆی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی "لەگەڵ فەخامەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، پیاوێکی واقیعی و راستگۆ و، پاڵپشتی زوڵملێکراوان و سەرخەری ئەوانەی شایەنی سەرکەوتنن".

رۆژی شەممە 30-1- 2016 لە پیرمام، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سامر سەبهان، باڵیۆزی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە عێراق كۆبووەوە. دوای دەستبەكاربوونی، ئەمە یەكەم سەردانی سەبهان بوو بۆ هەرێمی كوردستان.



ئەم نووسینەی باڵیۆزی سعودیە لا کاتێکدایە ماوەیەک بەر لە ئێستا مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سعودیەی کرد و لەلایەن پادشا و جێنشین و تەواوی دەسەڵاتدارانی سعودیە پێشوازییەکی تایبەتی لێکرا. لەو سەردانەدا وەک سەرۆکی دەوڵەت پێشوازی لە بارزانی کراو ئاڵای کوردستان لە پێشوازی داندرا.

دوای پچڕانی پەیوەندی دیبلۆماسی لەنێوان عێراق و سعودیە، بۆ یەكەمجار حكومەتی ریاز باڵیۆزی خۆی لە بەغدا دەستنیشانكرد، رۆژی 18-1-2016 سامر سەبهان، باڵیۆزی نوێی سعودیە لە بەغدا پەڕاوی متمانەپێكردنی پێشكەشی فوئاد مەعسووم، سەرۆككۆماری عێراق كرد.