گوتەبێژێکی حەماس کوژرانی بەرپرسێکیان لە بەیرووت بۆ رووداو پشتڕاست دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
هاشم قاسم (ئەبو ساڵح)، بەرپرسی راگەیاندنی حەماس بۆ میدیای دەرەوە بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە باشووری بەیرووت، ساڵح عاروری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە کوژراوە.
 
عاروری جێگری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو، هەروەها یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەرانی کەتایبی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، تەقینەوەیەک لە ناوچەی زاحیە لە باشووری لوبنان روویدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو ناوچەیەدا چەکدارەکانی حیزبوڵڵا باڵادەستن.
 
میدیای فەرمی لوبنان دەڵێت، "هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە درۆن کراوە، نووسینگەیەکی حەماسی کردووەتە ئامانج و تائێستا بەهۆیەوە شەش کەس کوژراون و 11ـی دیکەش بریندار بوون".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای لوبنانیش، لە هێرشەکەدا ساڵح عاروری کوژراوە.

 

 
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت لەکاتێکدایە کە بڕیاربوو سبەی چوارشەممە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنانی گوتارێک پێشکێش بکات بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکاوە.
 
ساڵح عارووری بێجگە لەوەی جێگری ئیسماعیل هەنییە بووە، یەکێک بووە لە دەستەی دامەزرێنەرانەی کەتائیبی قەسام کە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسە و هەمان ئەو گرووپە بوو کە هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و بووە هۆی کوژرانی لانیکەم هەزار و 200 ئیسرائیلی و دەستبەسەرکردنی 240 ئیسرائیلی و بیانی کە تائێستا 129یا هێشتا لای چەکدارانی گرووپە فەلەستینییەکان دەستبەسەرن.