بەرپرسێکی ئەمریکی: هێرشەکانی حووسییەکان ملیاران دۆلار زیانی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە

 
رووداو دیجیتاڵ

پریشکی شەڕی غەززە لە دەریای سوورە. بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، بەرەی باشووری دەریای سووری داگیرساندووە و حوسییەکان بەردەوام هەڕەشەی هەڵکشانی زیاتری بارودۆخەکە دەکەن و دەڵێن، هەر کەشتییەک ئیسرائیلی بێت یان بەرەو ئەوێ بڕوات، ئامانجی مووشەک و درۆن و هێزە دەریاوانییەکانیانە.
 
یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزی چەکداریی حوسییەکان دەڵێت، "هێزی دەریاوانیی سەر بە هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەرکەوتوو بوو لە کردنە ئامانجی کەشتییەک کە بەرەو بەندەرەکانی فەلەستینی داگیرکراو دەڕۆیشت، هێرشەکان بە مووشەکی دەریایی گونجاو ئەنجامدران."
 
ئەمریکا، کە پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکات لە شەڕی غەززە، بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی دەریایی هەوڵی پاراستنی رێڕەوی دەریای سوور دەدات. لە 14 رۆژی رابردوودا سەرووی 1200 کەشتی بە دەریای سووردا تێپەڕبوون؛ ئەمریکا و بەریتانیا داوا لە ئێران دەکەن هاوکارییەکانی بۆ حووسییەکان بوەستێنێت.
 
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "دەبێت حووسییەکان ئەو هێرشانە بوەستێنن. پێویستە هەر ئێستا بیانوەستێنن. ئەو کارەیان بە ملیاران دۆلار زیان بە ئابووریی جیهان دەگەیێنێت."
 
پێدەچێت تائێستا حووسییەکان هەڕەشەی ئەمریکایان بە جیددی وەرنەگرتبێت. محەمەد عەبدولسەلام، دانوستانکاری حووسییەکان سەردانی تارانی کرد و لەوێ لەلایەن گەورە فەرماندەکانی سوپاوە پشتگیریی هێرشەکانیان کرا.
 
ئێران دەڵێت، ئەمریکا و بەریتانیا هۆکاری ناسەقامگیرییەکانی دەریای سوورن. بەریتانیاش وەکو رایگەیاندووە، بیر لە بۆردوومان و هێرشکردنە سەر چەندین پێگەی حووسییەکان دەکاتەوە.