دوای دە ساڵ کەنیسەی "ئوم مەشورە" لە بەعقوبە کرایەوە

رووداو-هەولێر

پاش دە ساڵ لە داخستنی، کەنیسەیەک بۆ کریستیانەکان لە ناوەندی پارێزگای دیالە کرایەوە. شوێنکەوتووانی ئایینی مەسیحی لەمەوبەدوا دەتوانن لەم کەنیسەیەدا ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێبکەن. دانیشتوویەکی بەعقوبە پێیوایە کردنەوەی کەنیسەکە هێمایەکە بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ بۆ پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی پارێزگای دیالە. 


عەقید غالب عەتییە، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندنی پۆلیسی دیالە گوتی: "ئەو کەنیسەیە زیاتر لە 10 ساڵ بوو داخرابوو، لەلایەن شاندێکی ئەوقافی مەسیحی لە عێراق کرایەوە، ئەمڕۆ پارێزگای دیالە لە خۆشی سەرکەوتن و جەژنەکان دایە و ئەمڕۆش جەژنێکی دیکەیە کە ئەویش کردنەوەی دووبارەی کەنیسەکەیە".
 
پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی پێشوازی لەو هەنگاوە بنیادنەرە دەکەن، دوای ئەوەی چەندین ساڵە بێبەشبوون لە ئەنجامدانی نوێژ و سرووتە ئایینییەکانیان لەنێو ئەو کەنیسەیە.

بلسەم ماجد، هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی کەنیسەکە دەڵێت: "دووبارە ئەو کەنیسەیە نۆژەنکرایەوە، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆربوو جێهێڵدرابوو، پشت بەخوا ساڵی نوێ سەقامگیر و ئارام دەبێت، داوا لە هەموو خێزانەکان دەکەین بگەڕێنەوە و نوێژی خۆیان ئەنجام بدەن".

کردنەوەی کەنیسەی ئوم مەشوورەی سالیحە، کاریگەرییەکی روونی لەسەر دڵ و دەروونی دانیشتووانی بەعقوبە هەیە بەسەرجەم پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانەوە،  جارێکی دیکە گوزارشت لە یەکتر قبوڵکردنی پێکهاتە ئایینییەکانی پارێزگاکە و ژیانی نوێ دەکات.